لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ 20ی ئاب، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بڵاوی کردەوە: “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردی کڕییەوە. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی سوودی گشتیی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە”.
ئاماژەی بەوەش داوە: “کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.”
دوێنێ لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی وەزارەتی رۆشنبیری، وردەکاری پڕۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردیمان خستەڕوو و ڕای گەیاندبوو کە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.
ئاماژە بەوەش درابوو: “بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەت و ئەندامێتی ڕاوێژکارێکی وەزارەت، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەت پێکهێنابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکان.”
هەروەها تێیدا هاتبوو: “دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، بە بڕیاری دادگا مافی خاوەندارێتی کتێبخانەکە لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا بەخشرا بە یەکێک لە میراتگرەکان، دواتر وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕیەوە”.
وەزارەتی رۆشنبیری راشی گەیاندبوو: “بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لە خۆ دەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی (کتێبخانەی د. عەزیز گەردی) بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.”

