گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران سەردانی هەڵەبجەی کرد و و پشتیوانیی تەواوی سەرۆک وەزیرانی بۆ خەڵکی پارێزگاکە دووپاتکردەوە،. پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت، نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی رووداوەکە.
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، دوای ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە پارێزگاکە.
لە سەردانەکەیدا، پێشەوا هەورامانی سەرەخۆشی و هاوخەمیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی گەیاندە خانەوادەی هەردوو قوربانییەکەی ڕووداوی ئاگرەکەی هەڵەبجە و پشتیوانی تەواوی سەرۆک وەزیرانی بۆ خەڵکی پارێزگاکە دووپاتکردەوە.
گوتەبێژی حکوومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هاتووینەتە پارێزگای هەڵەبجە، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی بەڕێز مەسرور بارزانی بە خانەوادەی هەردوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هەڵەبجە بگەیەنین.
پێشەوا هەورامانی گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران لە سەرەتای ڕووداوەکەی هەڵەبجەوە بەپەرۆشەوە لەسەرهێڵ بوون و وەزیری ناوخۆش لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دابین بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجەیە و پاڵپشتی پارێزگار و ئەو خۆبەخشانەیە کە هاوکاربوون، هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن کە خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
لای خۆیەوە، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: دوای سێ ڕۆژ لە هەوڵی بەردەوام بە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی خۆبەخشی دەڤەرەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی سوتاوە.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکان دروست دەکەین و نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو کەسانەی کە لەم ڕووداوەدا زەرەرمەند بوون.
شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندەکانی چنار و مۆردینی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کەوتەوە. بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ و کارمەندێکی بەرگریی شارستانی گیانیان لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

