ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه رێكه‌وتی 20.8.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، له دیوانی پارێزگا، به ئاماده‌بوونی ناز جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC ی پارێزگای هه‌ولێر، پێشوازی له د. یۆگۆ فۆجیمۆرا سەرۆکی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ IOM كرد .
له دیداره‌كه‌دا سەرۆکی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، سوپاسی پارێزگاری هه‌ولێری كرد بۆ ته‌رخان كردنی كاتی دیداره‌كه و كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی پرۆژه‌و كار‌و چاڵاكییه‌كانی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ پێشكه‌شكردو ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه له وه‌رزی نوێ كاره‌كانیان 44 پرۆژه‌یان جێبه‌جێكردووه و له ساڵی 2019 ه‌وه تاوه‌كو ئێستاش 190 پرۆژه‌یان جێبه‌جێكردووه له عێراق . ئێستاش سه‌رقاڵی پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌كن له داره‌توو.
هه‌روه‌ها باسی له هێنانی ئامێری پشكنینی دیكۆمێنته‌كان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ئامێرانه‌ی هاوكارن له ئاشكرا كردنی تاوانه‌كان، سه‌ره‌رای هێنانی ئامێری داتابێسی تایبه‌ت بۆ زانیاری له‌سه‌ر پاسپۆرتی وڵاتان و ئه‌و گۆرانكاریان له‌و باره‌وه روو ده‌ده‌ن .
یۆگۆ فۆجیمۆرا دووپاتیكرده‌وه كه به‌چڕی كار له‌سه‌ر چه‌سپاندنی پرۆژه‌ی یاسای كار ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌سه‌رهێلن بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و پرۆژه‌یه، ده‌رباره‌ی ئاواره‌كانیش پاڵپشتی خۆیانی دووپاتكرده‌وه، له‌وه‌ی وه‌كو گروپ پاڵپشتی له‌و پرسه ده‌كه‌ن. ناوبراو به گرنگیه‌وه باسی له پاراستنی كه‌شو هه‌وا كرده‌وه، كه جێگه‌ی بایه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وله‌تیشه .
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه پارێزگاری هه‌ولێر، وێرای به‌خێرهێنانی شاندی میوان جه‌ختی له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگی كار‌و چاڵاكییه‌كانی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ IOM كرده‌وه.
پارێزگاری هه‌ولێر، به ورده‌كاریه‌وه ده‌رباره‌ی پرسی ئاواره‌كان هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد‌و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه هه‌رێمی كوردستان نمونه‌یه‌كی ده‌گمه‌نه له چاو ولاتان چونكه له‌یه‌ككاتدا، هه‌م په‌ناهه‌ندی كوردمان هه‌یه، هه‌م په‌ناهه‌نده‌یه‌كی زۆر روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، ئێستا به‌داخه‌وه دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند یارمه‌تیه‌كانی له‌سه‌ر بڕیون، هاوكات سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم گه‌راندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی خستۆته به‌رده‌میان و نایه‌وه‌ێ ئه‌و ئاوارانه ببنه به‌شێك له گه‌مه‌ی سیاسی، بۆیه پێویست ده‌كات ئاژانسه‌كانی ی‌و ئێن پاڵپشتی لۆجستی و كرداره‌كیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
پارێزگاری هه‌ولێر، ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی كه‌ش و هه‌وا، كه رێکخراوی IOM له قوشته‌په كاری له‌سه‌ر ده‌كات، جه‌ختی كرده‌وه كه له كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رنامه‌رێژی ته‌واو هه‌یه بۆ كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی كه‌ش و هه‌وا، له‌م سونگه‌یه‌شه‌وه هه‌نگاوی كرداره‌كی باشیان هاویشتووه، بۆ نمونه له پرسی پرۆژه‌ی رووناكی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و موه‌لیدانه كوژاونه‌ته‌وه، كه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری نه‌رێنیان به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وادا هه‌بووه، ئێستاش ئه‌و ئاماژانه به‌كه‌شی ئاسمانی شاره‌وه دیاره، چه‌ند جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ جاران . بڕیاریشە تا كۆتایی ساڵ كاره‌بای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هه‌رێمی كوردستان ببێتە 24 كاتژمێری، واته ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی به‌سه‌ر باكژی كه‌ش و هه‌وادا ده‌بێت.
پارێزگاری هه‌ولێر، له میانی گفتوگۆیه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ یۆگۆ فۆجیمۆرا سەرۆکی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، ئاماژه‌ی به پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر كرد، كه به‌هۆی ئه‌و پرۆژه‌یەوه هه‌ولێر بۆ 30 ساڵی دیكه گرفتی ئاوی نامێنێ، ئه‌مه به‌هێزترین و خێراترین پرۆژه‌ی ستراتیژی بووه له ناوچه‌كه، پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ئاوی پرۆژه‌كه له زێی گه‌وره ده‌ست پێده‌كات و پاككردنه‌وه و پاڵاوتنی ئاوه‌كه و فلته‌ركردن و كلۆركردنی ئاوه‌كه، به ستانداردی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیWHO وعێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به پرۆژه‌ی ئاوی قوشته‌په كرد كه له زێ بچوكه‌وه وه‌رده‌گیرێ، جگه له خودی قوشته‌په، 72 گوندی ده‌ورووبه‌ریش سوودمه‌ند ده‌بن له‌و پرۆژه‌یه .
پارێزگاری هه‌ولێر، هه‌روه‌ها ئیشاره‌تی بۆ دورستكردنی پۆنده‌كان كرد، بۆ به‌هێزكردنی ستراتیجی و سوودوه‌رگرتن و گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران كرد‌و نمونه‌ی به ( پۆندی چه‌مه‌رگه‌و كۆمه‌سپان و به‌ستۆره و ئاقوبان)دا..
هه‌روه‌ها باسی له پشتێنه‌ی سه‌وزای شاری هه‌ولێر كرد، كه ئه‌م پرۆژه ستراتیژیه به پانی پشتێنەی سەوزایی هەولێر 2 كیلۆمه‌تره و به درێژایی 70 كیلۆمه‌ترو سوودێكی یه‌كجار زۆری ده‌بێت بۆ پاكبوونه‌وه‌ی ژینگه، به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی به چوارده‌وری هه‌ولێری پایته‌خت ده‌سووڕێته‌وه. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له جێبه‌جێكردنی ماسته‌ر پلانی هه‌ولێر ره‌نگداوه‌ته‌وه .
له كۆتایدا هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته به‌شێكی زۆر له پرۆژه‌ی رێكخراوی ناوبراو به‌ر ئاوه‌دانی شاری هه‌ولێری پایته‌خت بكه‌وێ و هه‌ردوولاش هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوانیان دووپات كرده‌وه .

