رۆژنامەی ھەولێر

140 نەخۆشی تالاسیمیا بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی تالاسیمیا لە ڕێگە ڕەوانەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات دەستی پێکردووە کە لە 140 نەخۆش پێکهاتووە و لە قۆناغی یەکەمدا هەشت نەخۆش دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.

دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی پرۆژەیەکی گرنگ لە کەرتی تەندروستی جێبەجێ دەکەین، پرۆژەکە ئەوەیە ئەو نەخۆشانەی تالاسیمیا هەیە و پێویستیان بە چاندنی مۆخی ئێسکە، ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

ئاماژەشی دا، لە دەستپێکی پرۆژەکە 140 نەخۆش بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، کە لە قۆناغی یەکەمدا هەشت نەخۆش لە خۆ دەگڕێت و پرۆژەکەش بەردەوام دەبێت، هاوکات بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات دەمێننەوە، بۆیە کەسێکی بەخشەر و هاوەڵێکیان لەگەڵ دەبێت.

ڕوونیشی کردەوە، لەو 140 نەخۆش، 100 نەخۆش لەوانەن کە بەخشەرەکانیان هاوتای بۆ کراوە و دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. 40یش لەوانە کە بەخشەرەکانیان نەتوانراوە لە کەسە نزیکەکانیان هاوتا بکرێن و لەوێ چارەسەر وەردەگرن، هەروەها ئەو نەخۆشانە لە چوار نەخۆشخانەی خاوەن بڕوانامەی JCI لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر باسی لەوەش کرد، ئەو پرۆژەیە درێژەی ئەو پرۆژانەیە کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کەرتی تەندروستی و بە تایبەتیش ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، چەندین نەخۆشی لەنێویاندا نەخۆشانی شێرپەنجە، نەخۆشانی تالاسیمیا هەیە جێبەجێ دەکرێت.

هاوکات ئەوا پرۆژەیەکی گرنگ دەبێت، چونکە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئەو کەسانەی نەشتەرگەرییەکەیان یاخود چاندنی مۆخەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت دەکات.