ئەمڕۆ سێشەممە تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەگەڵ بەشێک لە قورئانخوێنانی ئافرەت كۆ بووەوە.
تەیب زرار شێروانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتی: ڕێكخستنەوەی قورئانخوێندن لە پرسەی ئافرەتان بە ئەركی خۆمان دەزانین، بۆیە دەمانەوێ باجی ڕێپێدان بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە دروست بكەین كە شایستەن و قورئان دەخوێنن.
گوتیشی: باجی ڕێپێدان بە كۆمەڵێک ڕێنوێنی و مەرجی تایبەتەوە بە قورئانخوێنان دەدرێت و ئەوەش هەموو كەسێک ناگرێتەوە، بەپێچەوانەوە هەر كەسێک بەبێ ڕێنوێنییەكان و بێ باج قورئان بخوێنی، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر و لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف راشیگەیاند: لیژنەیەكی تایبەت بۆ دروستكردن و پێدانی باجی ڕێپێدان بە قورئانخوێنان پێکهێنراوە و چاوپێكەوتن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە دەكات كە قورئان دەخوێنن.
ئاماژەشی بەوە دا: ئەوانەی لە پڕۆسەی چاوپێكەوتنەكە دەرناچن، خولێكی تایبەت بە خوێندن و تەجویدی قورئانیان بۆ دەكرێتەوە، خولەكانیش لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕ دەگوترێنەوە.
جگە لە قورئانخوێنانی ئافرەت، وەزارەتی ئەوقاف هەروەها كار لەسەر ڕێكخستنەوەی قورئانخوێنانی پیاوانیش دەكات، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تایبەت بۆ قورئانخوێنانی پیاوانیش پێكهێنراوە و باجی رێپێدانیان پێ دەدات.

