وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانەی دەکەونە چوارچێوەی وەجبەکانی 9 تا 15 و هاوکاری(مینحە)ـی مانگانەیان نییە.
رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا سوودمەندبوونی بەشێکی دیکە لە زیندانییانی سیاسی لە بڕیارێکی نوێی حکوومەت ئاشکرا کرد.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی داوە کە ئەو زیندانی و گیراوە سیاسییانەی سەر بە وەجبەکانی (9 تا 15)ـن و هاوکاری مانگانەیان نییە، بە بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ سوودمەند بن.
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە (191)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 15ـی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختیشی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی.

