رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر: بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە هاوکاریی هەڵەبجە دەکەین

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەیوەندییان بە پارێزگاری هەڵەبجە کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریی پێویست پێشکەش بە هەڵەبجە بکەن بۆ ئەوەی ئاگرەکەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کۆنتڕۆڵ بکرێت.

سێشەممە 19ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەیوەندییان بە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە کردووە و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ نیشانداوە، لە ناردنی تیمی فریاگوزاری و تەندروستی و بەرگریی شارستانیی، یاخود کەلوپەل و ئامێری پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، دەشڵێت: ئێمە هەموو ئامادەییەکمان هەیە

لەلایەکی دیکەوە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەسەرەتای ڕووداوەکە، کەل و پەل و پێویستی ئاگرکوژێنەوەمان بۆ هەڵەبجە ناردووە، لە ئەگەری پێویستی زیاتر، ئامادەییمان هەیە هاوکاریی زیاتر پێشکەش بە هەڵەبجە بکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە ئاگر کەوتووەتەوە، ئێمە نزیک بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکە و بای بەهێز دەگەڕاینەوە خاڵی سەرەتا.

دەشڵیت سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆ بەڵێنی ئەوەیان پێداین، هەرچیمان پێویست بێت هاوکاریمان بکەن،

شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن( 28) ساڵ بەناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەستدا، دوو کەسی دیکەش برینداربوون، لەگەڵ ئەوانیش، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە هەوڵیداوە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکات، کەچی تووشی هەناسەتەنگی بوو، بۆیە زوو گەیەندرایەنەخۆشخانە.