رۆژنامەی ھەولێر

پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان چالاک بکەنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

٢٠ی ئەم مانگە ڕێک دە مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا نەتوانراوە حکوومەت دابمەزرێنرێت. دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو لایەنی سەرەکیی براوەی هەڵبژاردن هەرچەندە درێژخایەن بوون بەڵام وا پێدەچێت هەندێک دەستکەوتیان هەبووبێت چونکە هەر دوو لایەن باس لە چالاککردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ماوەیەکی زۆر بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و دواخستنی دامەزراندنی حکوومەت لە قازانجی هەرێمی کوردستاندا نییە و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دروستبوونی کێشەی نوێی ئەمنی لە عێراق و پرسی میلیشیاکان لە لایەک و نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەو پێویستییەی هێناوەتە کایەوە هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان چالاک بکرێ و کابینەی نوێ پێکبهێنرێت.
دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، یەکەم کاری دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان بریتی دەبێت لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی هەمیشەیی نەک کاتی. ئەو ڕوونی کردەوە بەپێی ئەوەی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێککەوتوون، لە مانگی ئەیلوولدا دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت.
وەک ئاشکرایە دەستنیشانکردنی پۆستەکانی سەرۆک و جێگری پەرلەمان و پۆستەکانی تری پێوەست بە پەرلەمان و پاشان دەستنیشانکردنی کەسی ڕاسپێردراو بۆ دامەزراندنی حکوومەت و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و تەنانەت دیاریکردنی وەزیر و پۆستەباڵاکان بەشێکە لە دانوستانەکانی نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن و ئەوەی هۆکار بووە لەوەی لە ڕابردوودا سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت و سەرۆکی کاتیی هەبێت ئەوا ڕێک بە ناکۆکیی نێوان لایەنەکان گەڕاوەتەوە و ئێستەیش کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باس لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکات خاڵێکی جێئومێدە کە دەیسەلمێنێت لایەنە براوەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک لە ناکۆکییەکانیان تێپەڕاندووە و بەرەو دامەزراندنی کابینەی نوێ هەنگاو دەنێن.
جگە لە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ میدیاکانی یەکێتی هەمان زانیاری پشتراست کردەوە و گوتی بڕیاری دەستەی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئەوەیە لە مانگی نۆ پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان چالاک بکەن.
ئەو ڕوونی کردەوە لە کابینەی ڕابردووشدا هێشتا لە پرسی حکوومەت یەکلایی نەببوویەوە و یەکێتی و پارتی بە تەواوی بۆ دامەزراندنی کابینە ڕێکنەکەوتبوون بەڵام بۆ ماەیەکی کاتی دکتۆر ڤالا فەرید کرایە سەرۆک پەرلەمان و دواتر کە ڕێک کەوتن ئەو خۆی کێشایەوە و کەسی تر کرایە سەرۆکی پەرلەمان.
سەعدی پیرە ئاماژەی دا یەکێتی و پارتی بەو قەناعەتە گەیشتوون ناکرێ پەرلەمان لەمە زیاتر ناکارا بێت و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لانی کەم لەم قۆناغەدا پەرلەمان چالاک بکرێتەوە و لیژنەکان پێکبهێنرێن و پەرلەمانتاران بە ئەرکی خۆیان هەستن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بیستی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کرا و بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان سی و نۆ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیست و سێ کورسی و نەوەی نوێ پازدە کورسی بەدەست هێنا و بەپێی یاسا پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمان بۆی هەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاری بکات.
راستە لە مانگی ئەیلوول بڕیاری چالاککردنی پەرلەمانی کوردستان دراوە بەڵام بە تەواوی دیار نییە پێش هەڵبژاردنی عێراق کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت یان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن و داوای خەڵکی کوردستان ئەوەیە بەر لە هەڵبژاردنەکە کابینەی دەیەم دابمەزرێت بۆ ئەوەی تێکەڵاوی پرس و ڕووداوی نوێ و چاوەڕوانەکراو نەکرێت.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و کوردستان بووەتە چەقی هاوکێشە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان و بۆیەش هەر چی زوو چالاککردنی پەرلەمان و هەبوونی حکوومەتێکی تۆکمە و یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێت.