رۆژنامەی ھەولێر

پارتی داخوازییە نەتەوەییەکانی کوردی لە ئەستۆ گرتووە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گەورەترین پارتی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، دوێنێ یادی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی خۆی کردەوە، کە لە ١٦/٨/١٩٤٦ لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، دامەزراندنی پارتی خەڵکی کوردستانی لە نائومێدی ڕزگار کرد، ئەوەی پارتی لە حزبەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، خاوەن ھێزی جێبەجێ کار و ئەزموونی حوکمرانی خۆبەڕێوەبردنی ھەیە، سەروەرییەکانی مێژووش زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، ھەر لە ڕۆژی دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەیەکان بووە.

چواردە کۆنگرەی بەستووە
پارتی تا ئێستا چواردە کۆنگرەی بەستووە، چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و دوانیشیان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سێ کۆنگرە لە ھەولێر و کۆتا کۆنگرەشی لە دھۆک بەستووە. چاودێران و ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخی ناوخۆی پارتی و ھەلومەرجی کوردستانیان کردووە پێیانوایە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی پارتی بەھێزی، ڕێبەرایەتیکردنیەتی لە لایەن سەرۆک بارزانی، چونکە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی دامەزراوە و ھێشتا حزبەکە لەژێر سایەی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە خەبات بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.
سەرۆک بارزانی ڕۆژی دامەزراندنی پارتی لە دایکبووە
سەرۆک بارزانی، خۆیشی لە ڕۆژی ١٦/٨/١٩٤٦ لە شاری مھابادی پایتەختی کۆماری کوردستان لە دایکبووە و زیاتر لە ٦٣ ساڵە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و ئەو ساڵانەشی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە لە نێوەندە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا لە ئاستی سەرۆکی وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، سەرۆک بارزانی ھەر وەکو پێشمەرگە خۆی دەناساند و گەورەترین شانازیشی بە لایەوە پێشمەرگایەتییە.

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە نووسینەوەی دەستوور
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقدا بینی و دواتر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و نووسینەوەی دەستوور، بە ھەوڵ و کۆششی سەرۆک بارزانی بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردستان تێدا جێگیر کران.

کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بووە ھاوپەیمانی سەرەکی نێودەوڵەتی دژی داعش
سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی تیرۆردا، لەو کاتەوەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری کوردستانیاندا لە ساڵی ٢٠١٤ وەک پێشمەرگە و سەرۆک، شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی کوردستان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەستایەوە تا تەفروتووناکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا مایەوە و ڕابەرایەتیکردنی ئەو شەڕەی کرد و ڕۆڵی گەورە و دیاری لە پێکھێنانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ھەبوو، کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بووە ھاوپەیمانی سەرەکی نێودەوڵەتی دژی داعش.

ڕۆڵی پارتی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان
لە ساڵی ٢٠١٧ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی دەرکرد، پارتی بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارای لە ھەڵمەتەکە و ڕۆژی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوول کرد، کە زیاتر لە ٩٣%ی کوردستانیان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

پارتی بۆچی دامەزرا؟
ھەوار حەسەن، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: لە کاتێکدا کە جیھان بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆیشت، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سەری ھەڵدا، کوردیش وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و کیان، پێویستی بە حزبێکی ڕێکخراو ھەبوو کە ڕێکبخاتەوە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی و بەدەستھێنانی مافی نەتەوایەتی، بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند، پێشتر چەند ڕێکخراوێک ھەبوون، لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە چەند دانیشتنێک کران، ئێدی بڕیاریاندا یەکبگرن و پارتی دابمەزرێنن، پارتی مایەی خۆشحاڵی ھەموو چین و توێژەکانی ئەم کوردستانەیە، بە ھەموو پێکھاتەکان ئایینی و مەزھەبی، چونکە توانیویەتی داکۆکی لە مافی ھەموو پێکھاتەکان بکات، لە کاتە پێویستەکان و لە شکستەکان جارێکی دیکە ھێز بداتەوە خەڵکی کوردستان و ببێتە مایەی خۆشحاڵی ھەموو خەڵکی کوردستان، بۆیە مێژوو سەلماندوویەتی ھیچ حکومڕانییەک، ھیچ خۆشی و ناخۆشییەک بەبێ پارتی نابێت، بۆیە پێویستە ھەموو کادیرانی پارتی بە ئەرکی خۆیان ھەستن، زیاتر پەڕە بە ڕێکخستنەکانی بدەن، ھەوڵ بدەن ڕۆژبەڕۆژ حزبەکەیان نوێ بکەنەوە و گەشەی پێ بدەن، ھەر ئەوەش وای کردووە ڕۆژبەڕۆژ ئەندام و لایەنگرانی زیاد بکەن.
د. جەبار مەحموود، شارەزا لە بواری مێژوو، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە ساڵی ١٩٤٦ چەند لایەنێکی بچووک لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون، ئەوانەش ڕۆڵێکی کاریگەریان نەبوو لە بزاوی ڕزگاریخوازی کورد، بارزانیی نەمر لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزان و کۆمەلێک ئەفسەری شۆڕشگێر لە حزبی ھیوا، ڕوویان لە کۆماری مھاباد کرد و ڕۆڵێکی گەورەیان بینی، ھەر لەوێ بارزانیی نەمر بیری لە حزبێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە، ئەوە بوو لە ١٦ـی ئابی ١٩٤٦ پارتی دامەزرا و ھەر دوای ئەوە کۆنگرە و چەندین کۆبوونەوە کران و بارزانیی نەمر بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا، سەرەتایەکی گرنگ و ڕۆژێکی مێژوویی و پرشنگدار بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، پارتی تا ئەمڕۆ کە تەمەنی گەیشتووەتە ٧٩ ساڵ ڕۆژبەرۆژ فراوانتر و بەھێزتر و دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلی کوردستان بەدەست دێنێت، بە بۆچوونی دۆست و دوژمنانی کورد، ئەگەر پارتی نەبووایە و بارزانیی نەمر سەرۆکی ئەو پارتە نەبووایە، لە کاتی ڕووخانی کۆماری مەھاباد، ھیچ ڕووناکیەکی دیکە لە کوردستان نەدەبوو، کە گەلی کورد پشتی پێ ببەستێت، لە شۆڕشی ١٤ـی تەمووز داوا لە بارزانیی نەمر کرا پاش ١٢ ساڵ لە یەکێتی سۆفیەت بگەڕێتەوە، گەڕایەوە و پێشوازیەکی زۆر گەورەی لێکرا، پارتی بەشێوەیەکی زۆر فراوان گەشەی کردوو و ھاتە مەیدانی خەبات و لە لایەن حکوومەتی عێراق دان بە حزبی پارتی نرا، دوای ئەوە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ بە سەرۆکایەتی بارزانیی نەمر ھەڵگیرسا، بووە بنەمایەکی گەورە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی عێراق ناچار کرا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بکات، تا ڕێکەوتنی ١١ـی ئاداری لێ ھاتە بەرھەم، کە بۆ یەکەمجار حکوومەتی عێراق دانی بە مافی حوکمی زاتی بۆ گەلی کورد نا، شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی بارزانیی نەمر، توانی بنەمای دەوڵەتێکی کوردی دابنێت، ھەروەھا ھەر پارتی و بارزانیی نەمر بوون، خەڵکی کوردستانیان لە شنگال تا مەندەلی و خانەقین لەژێر سێبەری یەک ڕەشمال کۆکردەوە، ئەگەر پارتی نەبووایە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ئێستا ھەر وەکو پارچەکانی دیکە بووایە، شۆڕشی گوڵان، بەرەی کوردستانی، ڕاپەڕین، پارتی ڕۆڵێکی گەورەی لە ھەموو ئەو شۆڕشانە ھەبوو و سەرکردایەتی دەکرد، ھەروەھا دەورێکی سەرەکی بینی لە دروستکردنی حکوومەت و پەرلەمان.

پارتی بەھێز بێت کوردستان بەھێز دەبێت
سەمیر سادق، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پارتی لەڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە، مێژوو سەلماندوویەتی ھەر کاتێک پارتی بەھێزبێت کوردستان لە پێگەیەکی بەھێزدابووە، ھەر کاتێک ھەستی کردبێت، سەروەرییە نیشتمانییەکان لە مەترسی دابن، بەبێ دوودڵی قوربانی بۆ داوە، چونکە ھەمیشە خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی دوورمەودای بۆ پرسەکان کردووە و ژیرانە ھەنگاوی ناوە و بەرەو ترۆکی سەرکەوتن ڕۆیشتووە، ھەر چەندە لە ناوخۆ و دەرەوە ھەمیشە گەڵە کۆمەکێ لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بە ھەر جۆرێک بێت، پارتی لای تاکی کورد لاواز بکەن، بەڵام دەرئەنجامەکان پێمان دەڵێن، پارتی ھەمیشە لە چڕۆی گەشەی بەردەوام دایە و خەونی ناحەزان بووتە بڵقی سەر ئاو، ھەمیشە بوونەتە دوانەیەک بۆ زیندوومانەوەی پارتی، نموونەکان ھەندە زۆرن پشکی شێر لە مێژووی بزاڤی نەتەوەی کورد بەر پارتی دەکەوێت، ھەڵمەتی لە جوولەخستنی نەیارانی تەکانێکی دیکەی داوەتە پارتی بۆ مانەوە، بۆیە پارتی بۆتە ھەناسە و ناسنامە بۆ گەیشتن بە ئومێدی ئاییندە کەوا سەربەخۆییە، ئەزموون و مێژوو سەلماندوویەتی چەند ھەوڵی بڕینەوە و سڕینەوەی بدرێ ھەر نوێ دەبێتەوە.

کەس ناتوانێت پارتی و خەڵکی کوردستان لە یەکدی جیا بکاتەوە
سیھاد سەعید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی بۆ ئارمانجێکی پیرۆز دامەزراوە، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە، گەلی کوردستان بە باوەڕەوە تەماشای پارتی دەکات، ھیوا و ئومێدی تاکی کورد پارتییە، لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە خەڵکی کوردستان کردووەتە خاوەن، ئەوەش وای کردووە ببێتە حزبێکی جەماوەری، ھەر ئەوەش وای کردووە سەروەرییەکانی مێژوو زۆربەیان بۆ پارتی بگەڕێنەوە، لەڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە و پشکی شێر لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورد بەر پارتی دەکەوێت، لە حوکمڕانی کوردی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەورێکی باڵای بینیوە و تا ئێستاش لەسەر ئەو ڕۆڵە بەردەوامە، بۆیە کەس ناتوانێت پارتی و خەڵکی کوردستان لە یەکدی جیا بکاتەوە، یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانەی کە پارتی لە حزبەکانی دیکە جیادەکاتەوە بەھێزی پارتییە، حزبێکی لۆکاڵی نییە، جگە لە ھەرێمی کوردستان، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و جیھانیش خاوەن پێگە و سەنگی خۆیەتی و لە وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیش حیساب بۆ کراوە.
پارتی پارێزەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەیەکانە
د. جەبار مەحموود، شارەزا لە بواری مێژوو، زیاتر گوتی: ئەرکی پارتی لەم قۆناغەدا سەختە، چونکە ڕێبەرایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھیوادارین حزبەکانی دیکە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی پێکەوە کار بکەن و ھەرچی زووە کابینەی دەیەم پێکبھێنن، چونکە ئەگەر بیانەوێت کێشەکان چارەسەر ببن و خەڵکی کوردستان سەرکەوتوو بێت دەبێت یەکڕیز و یەکگرتوو بن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پارتی لەڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەیەکان بووە و ھەر کاتێکیش ھەستی کردبێت، سەروەرییە نیشتمانییەکان لە مەترسی دابن، بەبێ دوو دڵی قوربانی بۆ داوە، چونکە ھەمیشە خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی دوورمەودای بۆ پرسەکان کردووە و ژیرانە ھەنگاوی ناوە و بەرەو ترۆکی سەرکەوتن ڕۆیشتووە، بۆیە پشکی شێر لە مێژووی بزاڤی نەتەوەی کورد بەر پارتی دەکەوێت.