بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، هاوردەکردنی پەتاتەی بۆ پارێزگای دهۆک و شارۆچکەکانی ئاکرێ و بەردەڕەش قەدەیە، ئەم بڕیارە بە درێژایی ساڵ کاری پێدەکرێت و ئامانج لێی پاراستن و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە بۆ پێشبینی بەرهەمی بەرچاوی ئەمساڵی پەتاتە دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردن، دیاردەی هاوردەکردنی پەتاتە بەشێوەی نایاسایی (قاچاخ) بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم جووتیارانی ناوخۆ. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، هەندێک بازرگان پەتاتە لە ئێرانەوە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە هاوردەی بازاڕەکانی گەرمیان و عەلوەی کەلار دەکەن. ئەم کارە زیانی بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاران داوای قەدەغە کردنی پەتاتە بکەن.
ئەحمەد جەمیل جەختی لەوە کردەوە، “ئێمە پشتگیری بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران دەکەین تاکوو لە بازاڕەکان ساغی بکەنەوە.” بەشێکی بەرچاوی بەرهەمی پەتاتەی دهۆک ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت. ئەو بڕەی دەمێنێتەوە، لە کۆگا ساردکەرەوەکاندا هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی دیکەی ساڵدا بخرێتە بازاڕەوە. لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 127کۆگای ساردکەرەوەی تایبەت بە هەڵگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی هەن کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 500 هەزار تۆنیان هەیە.
نرخی یەک کیلۆی پەتاتەی هاوردە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا لە نێوان 500 بۆ 750دینارە، لە کاتێکدا نرخی پەتاتەی خۆماڵی لە هەندێک کاتدا بۆ نزیکەی 250 بۆ 300دینار دەبێت، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرهەمی ناوخۆ.
پێشتر، کشتوکاڵی دهۆک بڵاویکردبووەوە، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکەیان 48 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 600 هەزار تۆن بەرهەم هەبێت. ئەم ڕێژە بەرهەمە زۆر زیاترە لە پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە بە نزیکەی 100 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت.

