رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات.

رۆژی شەممە 16ـی ئاب، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و رایگەیاند؛ “پارتی لە داکۆکیکردن لە ئازادی و دادپەروەری، قوربانییەکی گەورەی دا و لە چەسپاندنی بەها دیموکراسییەکان و فرەیی سیاسی لە عێراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە”.

لە راگەیەنراوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە “بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی دڵسۆزانە ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی و دامودەزگاکانی حزب و مەکتەبی سیاسی و فەرماندەیی گشتی و لقەکانی حزب و ڕێکخراوە جەماوەری و لاوان و ژنان و ڕۆشنبیرییەکانی و سەرجەم گەلی کوردستانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە؛ “دامەزراندنی ئەو حیزبە لە ساڵی 1946 لەلایەن سەرکردەی نەمر، مەلا مستەفا بارزانی، نوێنەرایەتیی بڕگەیەکی مێژوویی بەرچاوی خەباتی نەتەوەیی کرد. ئەو حیزبە لە داکۆکیکردن لە ئازادی و دادپەروەری، قوربانییەکی گەورەی دا و لە چەسپاندنی بەها دیموکراسییەکان و فرەیی سیاسی لە عێراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە”.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت؛ “بەم بۆنەیەوە، بە ڕێزەوە یادی قارەمانێتیی دامەزرێنەر و سەرکردایەتیی ئەو حزبە دەکەینەوە، هەروەها ڕۆڵی بەردەوامیان لە پاڵپشتی کردنی پڕۆسەی سیاسی و پتەوکردنی هاوبەشی نیشتمانی و خزمەتکردنی یەکڕیزی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بەرز دەنرخێنین”.