سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی 79 ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ئەم یادەی لە سەرۆک بارزانی کرد و رایگەیاند ئازادی و سەروەرییەکان بەرهەمی قوربانیدانەکانی پارتین.
ڕۆژی شەممە 16ی ئابی 2025، محەممەد حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کردووە و هیوای خواستووە یادی دامەزرانی پارتی ببێتە هۆی زیاتر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ریزەکانی پارتی.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی بە درێژایی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاندا کراوە و جەختیش کراوەتەوە “پارتی لەو پێناوەدا دەریایەک خوێن و رووبارێک فرمێسکی بەخشیوە و ئازادی و سەروەرییەکان بەرهەمی ئەو قوربانیدانەن”.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کردووە ” ئەمساڵیش لەکاتێکدا ئەم یادە شکۆدارە دەکەینەوە، کە ئامانجە باڵاکانی شۆڕشی میللـەتەکەمان بەدی نەهاتووە، گەلەکەمان ڕووبەڕووی فشار و بە شێوازی نوێ دووچاری قڕکردن و داگیرکردنی خاکەکەی و شەڕفرۆشتنی ناحەزان دەبێتەوە”.
محەممەدی حاجی مەحمود جەختی لە “گرنگیی یەکخستنی هەموو لایەنەکان کردووە لە پێناو بەهێزیی ماڵی کوردستان، بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنان ی کابینەی نوێی حکوومەت کە زامنی پاراستنی دەسکەوتەکان و بەرگرتنە لە شاڵاوی ناحەزان” و ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم هەنگاوە پێویستی بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانییە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا تەئکید لە پەیوەندییەکانی نێوان حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کراوەتەوە لە پێناو خزمەتکردن بە خاک و گەلی کوردستان.

