رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتێکی بەرفراوانی بڕینی زێدەڕۆیی ئاو لە سۆران دەستی پێکردووە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاندووە لە هەڵمەتێکدا بۆ نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی تا ئێستا ٧٧ سەرپێچییان ئاشکرا کردووە و کۆتاییان پێ هێناون.

بەڕێوبەرایەتییەکە بڵاوی کردووەتەوە، لەژێر چاودێریی قایمقامی قەزای ڕواندز و بە سەرپەرشتیی فەرمانگەی ئاوی ڕواندز و هەماهەنگیی پۆلیس، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا، زیاتر لە 77 سەرپێچیی ئاو لە سنوورەکە بڕدراون.
ڕایانگەیاندووە؛ هەڵمەتەکە لە گەڕەکەکانی بانەزێوک، شەهیدان و لاوان دەستی پێ کردووە و دەرکەوتووە زۆربەی سەرپێچییەکان بریتی بوون لە ڕاکێشانی ئاو بە نایاسایی بۆ ئاودانی باخچە، نەک بۆ خواردنەوەی ماڵان.
دەشڵێن: هیچ یەکێک لەو سەرپێچییانە پێوەری ئاویان نەبووە، کە بە سەرپێچییەکی گەورە لەسەر تۆڕی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا، هۆشداریی دەدەنە هاووڵاتییان و جەخت دەکەنەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات و بە نایاسایی ئاو ڕابکێشێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سزای قورسی دارایی دەبێتەوە و بەبێ جیاوازی ڕێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.