کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی ستراتیجیی گرنگی ناوە بۆ ژێرخانی ڕێگەوبان بۆ هەموو شاروشارۆچکەکان و زۆربەی گوندەکان.
لەو ماوەیەدا 717 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون، 402 پرۆژەی تر لە جێبەجێکردندان و تەنیا لە دەرەوەی شارەکان 2 هەزار و 618 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دروست کراون.
نزیکەی 2 هەزار پرۆژەی دروستکردنی شەقام ئەنجام دراون، زیاتر لە 6 ترلیۆن دینار بۆ پرۆژەکانی ڕێگەوبان و شەقامەکان خەرج کراوە؛ زۆربەی ئەو ڕێگا و شەقامانە ئەندازەی هاتوچۆیان بۆ کراوە. هاوکات بەهۆی ئەو پرۆژانەوە، ماوەی ڕێگای زۆربەی شار و شارۆچکەکان کەم بووەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکیی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوورییە، لەم ڕووەوەش گرنگیی زۆر بە ڕێگەوبانەكان و گواستنەوە دەدات.
بەشێک لەو پرۆژانەی گرنگ و ستراتیژین
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵیداوە پرۆژەکانی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی جووڵەی بازرگانی نێوان پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە پرۆژە و خزمەتگوزارییەکانی بواری ڕێگە و بان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان هەوڵیداوە ڕێگەی گوندەکان و هاتوچۆی نێوان شارەکان ئاسان بکات.
بە وتەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، یەکێک لە ئامانجەکانمان حکوومەت ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەی بووە، دەشڵێت؛ لە ماوەکانی ڕابردوودا توانیویانە ڕێگهی ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوورەکە قیرتاو بکەن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمهتی هاووڵاتییان، درێغی ناکەن.
یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەنکانی بواری ڕێگەوبان کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵیە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا کارەکانی تەواو بکرێت.
پرۆژەکە لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەنداوی گۆمەسپان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی گەشتیاری و پەرەپێدانی ئابووری بە گووژمەی ( 210 ملیار دینار ) لەلایەن کۆمپانیای “هێمن گرووپ” دەست بەجێبەجێکردنی کراوە، كە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە و شەقامی دەوروبەری بەنداوەكەش دەگرێتەوە، مەوداكەی 22 كیلۆمەترە و 6 ژێرپرد و 3 بەرزەپرد لە خۆی دەگرێت.
یەکێکی دیکە لەو پرۆژانە، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیەیە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو، دوای چەندین ساڵ لە وەستانی، جارێکی دیکە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دانرایەوە و بڕی 435 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا، بە تەواوبوونی ماوەی نێوان ئەو دوو شارە لە کاتژمێرێکەوە بۆ كەمتر لە نیو کاتژمێر كەم دەبێتەوە.
كاركردن لە پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر – كۆیە بەردەوامە و ئێستا پرۆژەكە قۆناغی باشی بڕیوە، زیاتر لە ملیۆنێك مەتر سێجا كاری بڕین و زیاتر لە ملیۆنێك مەتر سێجاش پڕكردنەوە كراوە، هاوكات دەست بە ئاوبەرە كۆنكرێتییەكان كراوە. ئەوەی كەمێك كاركردنی پڕۆژەكەی سست كردووە، تۆبۆگرافیای ناوچەكەیە چونكە بەرزی و نزمیی زۆری تێدایە و شوێن هەیە پێویستی بە 30 مەتر پڕكردنەوەیە، ئەمەش بە ڕێگەی پێشكەوتوو و زانستی دەكرێت.
بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە، درێژیی ڕێگای هەولێر بۆ دەروازەی قەزای كۆیە شەش كیلۆمەتر كورت دەبێتەوە لە 52 كیلۆمەترەوە دەبێتە 46 كیلۆمەتر، ئێستا كاتی ڕێگاكە نزیكەی كاتژمێرێكە، بەڵام كاتی ڕێگاكە بەگشتی دەبێتە نیوەی ئێستا، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک بەخێرایی 100 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێک لە هەولێرەوە بۆ كۆیە بڕوات بە ماوەی 25 -30 خولەک دەگات، هاوكات ڕێگاكە لە هەولێرەوە تاوەكو ڕێگای هیزۆپ – دووكان، نزیكەی 20 كیلۆمەتر كورت دەبێتەوە ئەمەش بەهۆی بوونی تونێلێک لە كۆتایی ڕێگاكە.
ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، لەگەڵ تەواوکردنی جووتسایدی هەولێر-کۆیە و پاشان بەستنەوەی کۆیە بە دوکان لە ڕێی جووتسایدێکی نوێ ناوەندی هەر دوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە یەکتر گرێ دەدرێن، بەم پرۆژەیەش سلێمانی لە پایتەخت نزیک دەکەوێتەوە و هاووڵاتییان لە ماوەیەکی زۆر کەمتر دەتوانن ڕێگای نێوان دوو شارەکە ببڕن.
رێگای نێوان هەولێر و سلێمانی بەشی زۆری یەک ساید بووە و بە هەوراز و نشێو و دۆڵ و چیادا تێپەڕیوە و زۆر جار تەسکی و ناستانداردیی ڕێگاکە کارەساتی گەورەی هاتوچۆی بەدواوە بووە و ساڵانە ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم ڕێگایە بوونەتە قوربانی، بە کورتکردنەوە و باشکردنی هاوتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی جووڵە بازرگانییەکان ئاسانتر دەبن و هاتوچۆی گەشتیاریش ڕوو لە زیادبوون دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، پرۆژەی ستراتیژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، لە ئێستادا پرۆژەکە 27 کیلۆمەتری قیرتاو کراوە و کارکردن لە چینی کۆتاییی بەردەوامە، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا بەشی تاسڵوجە – تانجەرۆ کە 21 کیلۆمەترە دەکرێتەوە.
ئەو شەقامە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە سلێمانی کە کاریگەریی لەسەر گەشەکردن، بەرەوپێشچوونی ئابووریی ناوچەکە دەبێت؛ هاوکات سیمایەکی نوێ بە شارەکە دەدات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و کارئاسانیی زیاتر بۆ شۆفێران دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا بە کەرتی ڕێگەوبان و بەرەوپێشچوونەکانی ئەو بوارە نەوەستاوە، بەڵکو لە بواری کشتوکاڵ و سامانی ئاو و دروستکردنی پۆند و بەنداوەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش و لە پرۆژەی ڕووناکیشدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و پرۆژەکە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت و دەبێتە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

