ڕائیب جادر – هەولێر
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە عەرەبی ھاوردە و سوپای عێراق چاوی تەماحیان بڕیوەتە سەر ٣٠ ھەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانەکانی باشووری کەرکووک، بەڵام بە ھەوڵی فڕاکسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان ھەموو ھەوڵەکان بۆ داگیرکاری پووچەڵکراونەتەوە. بەگوتەی جووتیارانیش، لە فەرمانگەکانی کەرکووک ھێشتا کار بە بڕیارەکانی بەعس دەکرێت.
کێشەی زەوی و زار لە سنووری کەرکووک تەنیا لە گوندی تۆپزاوا نییە، بەڵکو ناوبەناو کۆنەبەعسییەکان بە ھاوکاری سوپای عێراق ھەڵدەکوتنە سەرگوندەکانی سنووری سەرگەڕان و کەرکووک، بەڵام تا ئێستا عێراق و وەزارەتی بەرگریی وەڵامی ئەوەیان نەداوەتەوە سوپا بۆچی لایەنگری بەعسییەکانە و کێ ڕایسپاردووە ڕۆڵی وەزارەتی کشتوکاڵ ببینێت.
بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە بەرژەوەندی عەرەبی ھاوردە زەوییەکانی جووتیارانی کورد بە گرێبەستێک لێی زەوت کراون، ئێستا ھەر چەندە بەشێوەی یاسایی خاوەنداریەتی زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەھۆی ڕێگری سوپا ناتوانن بەکاربھێنن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕاستە ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە بۆ ئێمە دڵخۆشکەر بووە، بەڵام جێبەجێکردنی ئاسان نییە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی حکوومەتی عێراق دەکەین بڕیارەکەی پەرلەمان وەکو خۆی جێبەجێ بکات. جووتیاران، ئەوەش دەڵێن، گوندەکانی ئێمە پڕە لە سەربازی عێراقی، بەردەوام بە گوند و ئاوایەکاندا دەگەڕێن، ھەر کەسێک ببینن کە کاری کشتوکاڵی دەکات، دەستگیری دەکەن و کەلوپەلەکانیشی لێ دەشکێنن و ئازاری دەدەن.
سوپای عێراق ھەر وەکو ئەوەی ھیچ ئەرکێکی دیکەی نەبێت شەو و ڕۆژ بە ھەمەڕی سەربازییەوە بەدوای جووتیارانی کوردەوەیە و ناھێڵن تەنانەت بچنە ناو زەوییەکانیش، کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق چارە کراوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و ڕێگری کردن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان زۆرجار عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا سکاڵا لە دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکەن و تۆمەتی بێبنەماش دەخرێتە پاڵیان و زۆرجاریش زیندانی دەکرێن، ھەموو ئەمانە لە چوارچێوەی پیلانی تەعریبە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرانبەر جووتیارانی کورد پەیڕەو دەکرێت، پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە یاسا و ڕێککەوتنەکان لە ڕابردوو ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، ھەتا گەیشتە پێشێلکاری دەستوور، ٥٥ ماددەی دەستووری بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون.
نوێنەری جووتیارانی کورد و تورکمان بە چاوی ئومێدەوە لە ھاتنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانێت و گوتی، د. شاخەوان عەبدوڵڵا بە بەردەوامی لەگەڵ کێشەکانمان بووە و خۆی بەدواداچوون بۆ کێشەکانمان دەکات، زۆر سوپاسی دەکەین، چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە لەگەڵمانە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و کێشەی زەوی و زاری جووتیارانی سنوورەکە.
لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ـەوە، لەسنووری سەرگەڕان و کەرکووک زۆرترین جار لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگری لە جووتیاران دەکرێت، چەند جارێکیش ھێرش کراوەتە سەر ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە، د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گوێگرتن لە کێشەی جووتیاران، مژدەی بە جووتیاران دا کەوا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و کەس ناتوانێت زەوییەکانیان لێ داگیر بکات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: وەکو پەرلەمان بۆ ڕێگری کردن لە عەرەبی ھاوردە و سوپای عێراق یاسایەکمان دەرکرد، دەبوایە برایانی ئێمە لە حکوومەت کاریان لەسەر یاساکە کردبایە، بەڵام ئێمە بەو ئەرکەش ھەستاین و مانگی حەوت ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان وەرگرت، ئەویش بە پەلە لیژنەیەک دروست بکرێت و لەسەر دوو خاڵ کار بکات، لەوانە جێبەجێکردنی ماددەی ٢ لە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی زەوی و زاری کشتوکاڵی، بڕگەی دووەمیش کە تایبەتە بە سەرلەنوێ مامەڵەی دەستپێکردنەوەی جووتیاران بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە دڵنیایان دەکەینەوە لەگەڵیان دەبین تا بە زەوی و زارەکانی خۆیان شاد دەبنەوە.
ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە یەکێک بوو لە داخوازییەکانی جووتیاران، پێداگری جووتیارانی کورد لە مانەوەیان لەسەر زەوییەکانیان لە سنووری ماددەی ١٤٠ خاڵی بەھێزی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی تەعریبە، ماددەکە سێ قۆناغە یەکەم قەرەبووکردنەوە، پاشان ئاساییکردنەوە و دواتر سەرژمێری، بریار بوو تا کۆتایی ساڵی٢٠٠٧ ھەرسێ قۆناغەکە جێبەجێ کرابانە، بەڵام تا ئێستا ٢٠%ـی قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، بۆیە چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێ کردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پشتگیری لە مافی جووتیاران دەکەین، بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت، چونکە خۆیان خاوەن ماڵن، ھەر دەبێت بە مافەکانی خۆیان بگەنەوە، بۆیە پشتگیری لە جووتیارەکانی خۆمان دەکەین جا لە ھەر شوێنێک بن، بۆ ئەوەی چی دیکە زوڵم و زۆریان بەرانبەر نەکرێت.

