رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیار زێباری: دۆخی عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سۆمەرییەی عێراقی، باس لە دۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات و هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەی خوارەوەش پوختەیەکی چاوپێکەوتنەکەیە؛

هێرشی دوژمنکارانەن دژ بە هەرێمی کوردستان

هۆشیار زێباری، سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێرشەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی حەشدی شەعبییەوە کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانە و دەڵێت؛ بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری و کێڵگەکانی نەوت، هێرشی دوژمنکارانەن دژ بە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەنێو خاکی عێراقدا بە درۆن هێرشەکان کراون، چەند ناوچەیەکیان بە ئامانج گرتووە، پارێزگای سلێمانییان بە ئامانج گرت، هاوکات فڕۆکەخانەی کەرکووک، فڕۆکەخانەی هەولێر، کێلگەکانی نەوتیشیان بە ئامانج گرت، هەرێمی کوردستانیش دامەزراوەی ئەمنی و هەواڵگریی هەیە، بە هاوبەشی حکوومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا، لێکۆڵینەوەمان لە ڕووداوەکان کرد و دەرکەوت، درۆنەکان و هێرشەکان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، لە دەشتی نەینەوا، لە ناوچەی ڕەشادی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەش.
دەشڵێت؛ ئەم گرووپانە، بارەگاکانیان لە تەنیشت بارەگاکانی سووپای عێراقە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، دەشڵێت: ئەوانەی هێرشەکان دەکەن، چەند گرووپێکن، هێرشی ڕێکخراو بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن، بە ئامانجی ئەوەی ترس بخەنە دڵی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پاشەکشە لە کارەکانیان بکەن لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش هێرشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، نەوەک بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان، نزیکن لە ناوەندی بڕیاری ئەمەریکا، بۆیە ئەم هێرشانە کاردانەوەی خراپی بەدوادادێت، ڕەنگە دەستبەجێ نەبێت، بەڵام بەدواداچوونی وردی بۆ دەکرێت.

14 هێرشی درۆنیان بۆ سەر کوردستان کردووە
هۆشیار زێباری، باس لە بەردەوامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ دەکات و ڕایدەگەینێت؛ ئێمە لە بەیاننامەکاندا بە دیاریکراوی کەسمان تۆمەتبار نەکردووە بە هێرشەکان، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین، ئاشکراشی کرد، تەنها مانگی ڕابردوو، گرووپەکان 14 هێرشی درۆنیان بۆ سەر کوردستان کردووە، هەوڵیان داوە جۆری درۆنەکان بگۆڕن، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی لە لێکۆڵینەوەکان دروست بکەن، بەڵام ئێمە هەموو زانیارییەکمان هەیە، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتی عێراقین.
هەر سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان، ئەوەی ئاشکرا کردووە؛ زانیاریمان هەیە، تەنانەت بە ناوی کەسەکانیشەوە، ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی حکوومەت دەکەین بۆ ئەوەی ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە بەرپرسن لە هێرشەکان، گوتیشی: بەداخەوە، هەندێک قسەی سەیر و سەمەرە بڵاوکرانەوە کە گوایە کورد خۆی لەخۆی داوە، یان ئەمریکییەکان یان ئیسرائیلییەکان کردوویانە، ئەی ڕاداری تاجی کێ کردی؟ لیوای ئەنسارولمەرجەعییە کێ کردی؟ مەبەست و ئامانج چییە؟ دەڵێت: ئەمە هەوڵێک بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی میحوەری موقاوەمە.”
دەشڵێت؛ حکوومەتی عێراق هەموو دامەزراوە ئەمنییەکانی هەیە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی گرووپەکان و هێرشەکانی هەیە، بەڵام ئەگەر نەرمی لەبارەی ئەو ڕووداوانە بنوێنێت، ڕەنگە کاردانەوەی خراپی هەبێت، ئاماژە بەوە دەکات، لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووسینگەکەی و سەرکردایەتی گشتی و وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ و وەزارەرتی بەرگریی لە پەیوەندیداین، بەڵام جدییەت لە لێکۆڵینەوەکان نابینین، هەر لێژنە و لێژنە و تیمی لێکۆڵینەوە دروست دەکەن و هیچیش بەدەر ناکەوێت.

هەماهەنگی باڵا لەنێوان ئێمە و هاوپەیمانان هەیە
سەبارەت بە هەماهەنگی هاوپەیمانان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق هەن، هۆشیار زێباری باس لە هەماهەنگییەکان دەکات و هۆشداریی لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەدات و دەڵێت؛ هەماهەنگی باڵا لەنێوان ئێمە و هاوپەیمانان هەیە و ئەوان دۆستی ئێمەن، شەرم لەوە ناکەین، زانیارییە هەواڵگرییەکان لەنێوان یەکتر ئاڵوگۆڕ دەکەین لەبارەی ئەو هەڕەشانەی دەکەوێتە سەر ئاسایشی ئێمە و ئەوانیش، ئەمەریکییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە ئامانج گیران، بەڵام درۆنەکانیان دەخستە خوارەوە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، گوتی: ئەمەی گرووپەکان دەیکەن، یاریی کردنە بە ئاگر لە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیار کە ناوچەکە داپۆشراوە بە ئاگر، ڕووبەڕووبوونەوەکان کۆتاییان نەهاتووە، نیشانەکانی تەقینەوەی بارودۆخەکە لەهەر کاتێکدا هەیە.

ئەمەریکا لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی نییە
سەبارەت بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و ئەو مەترسییانەی چاوەڕێی عێراق دەکات لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاساکە، هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە کردووە، پەیامەکەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێوەی نووسراو بوو، بۆ ئەوەی نەتوانرێت هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ بکرێت، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمەریکا لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی نییە لە پەرلەمان، هەرچەند حکوومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ڕۆبیۆ بەوە ڕازی بکات کە عێراق بەرەو هەڵبژاردنەو ئێستا ناتوانن لەبەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەوە تەنها کات کوشتنە، هەر لەبەر ئەوە دەبیندرێت، زمانی قسەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق دەگۆڕێت و بەرزدەبێتەوە بەشێوەی هەڕەشە و سزادان، لەگەڵ کۆتایی هێنان بە هاوکاریی ئەمنی و سەربازیی و دارایی، ناوی کەسایەتی و لایەنەکانیش بە دیاریی کراوی دێنن، هەڵوێستەکانیان لەو بارەوە ڕوونە.
دەشڵێت؛ یاسای حەشدی شەعبی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، هەندێ لە لایەنە شیعییەکانیش لەگەڵ تێپەڕاندنی یاساکە نین، ئەگەری هەیە ئەمەریکا هەمان بڕیار کە بەرانبەر لوبنان گرتییە بەر، هەمان هەنگاو بەرانبەر عێراق بگرێتە بەر، چونکە لەوێ بە لوبنانییەکانیان گوتووە، دۆلارێکیان پێ نادەن و ماڵێکیان بۆ نۆژەن ناکاتەوە، ئەگەر پرسی چەکدانانی حزبولڵا یەکلایی نەکاتەوە، ئەگەری هەیە بڕیارەکە بۆ عێراق قوڕستریش بێت، ئەو پەیوەندییەی ئێستا لەنێوان ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق هەیە، لاوازە.

هەڵبژاردنی عێراق قورسترین دەبێت
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، هۆشیار زێباری، دەڵێت؛ ئێمە نامانەوێت هیچ لایەنێک بگاتە قۆناغی پێکدادان. هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ هەموو لایەنەکان قورسترین دەبێت، غیابی ڕەوتی سەدری زۆرێک لە هاوکێشە ناوخۆییەکان دەگۆڕێت، ئاشکرای کرد کە سەدر زۆر لە دۆخەکە بێزارە، گوتیڵ سەدر هاوپەیمانێکی هەمیشەیی کوردە، گوتیشی: ئێمە چەکێکی سپی نادەین بە سوودانی بۆ قۆناغی داهاتوو، ئێمە زۆرێک لە سەرۆک حکومەتەکانمان گۆڕی، چونکە سیاسەتەکانیانمان ڕەتدەکردەوە.”

بارودۆخەکە لە مانگی ئەیلوولدا دەتەقێتەوە
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشیار زێباری باس لەوە دەکات لە مانگی ئەیلوولدا بارودۆخەکە دەتەقێتەوە و دەڵێت؛ هەموو ئەو بارودۆخانەی لە ناوچەکە و لەڕووی نێودەڵەتییەوە دێنە پێش، هەموو ئاماژەکان وا نیشان دەدەن، بارودۆخەکە لە مانگی ئەیلوولدا دەتەقێتەوە، ئەگەری هەیە ئەو ڕووداوانە کاریگەریی لە هەڵبژاردنیش بکەن.
دەشڵێت: “ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەین وەک ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە، بەڵام نازانین تا ئەو کاتە چی ڕوودەدات، ڕەنگە شتی وا ڕووبدات لە کۆنتڕۆڵکردن دەربچێت، ماوەیەک پێش ئێستا لە بەغدا بیر لە دروستکردنی حکوومەتی فریاکەوتن دەکرایەوە، من پێم وایە لە هەڵبژاردنە هەرە قورسەکان دەبێت بۆ هەر هەمووان، لەبەر ئەوەی بارودۆخەکە زۆر هەستیارە، گومانیش لە هەڵبژاردنەکان هەیە، بەشداریی نەکردنی لایەنی سەدری لە هەڵبژاردنەکان، زۆربەی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆ دەگۆڕێت.
زێباری دەڵێت: ” پەیوەندیمان لەگەڵ سەدرییەکان هەیە و بەردەوام لەگەڵیان لە گفتوگۆداین، ئێمە دەستبەرداری ئەو ڕێککەوتنانە نابین کە حکوومەتییان لەسەر پێکهاتووە.

بەشیوەیەکی نامرۆییانە مامەڵە لەگەڵ مووچە دەکرێت
سەبارەت بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێگەچارەکان، ڕایگەیاندووە؛ حکوومەتی سوودانی بەشێوەیەکی زۆر نا مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، پێمان دەڵێن: “بڕۆن و ئێوەمان ناوێت”، دەڵێن:”ئێوە لە ئێمە نین”، وەک پێشتر حەنان فەتلاوی دەیگوت:” پارەی خۆتان بۆ خۆتان، پارەی خۆشمان بۆخۆمان، نەوتی خۆتان بۆخۆتان، نەوتی خۆشـمان بۆخۆمان”، بەڵام دەوڵەت وا نابردرێت بەڕێوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ بژاردەی جیاوازیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، گوتی: دانمان بەخۆماندا گرت بەرانبەر فشارە ئابووری و ئەمنی و سەربازییەکان و ئیدارییەکان کە هیچیان کاری باش نەبوون دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی کران.