رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆسەی هاتنی زیارەتکارانى ئێران و پێشوازیکردنیان لە هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوەچووە

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و فەرامەرز يەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکانى (خزمەتگوزاریى، تەندروستى، بەرگرى شارستانى، ئاسایش و پۆلیس، هاتووچۆ) سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى کرد، کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەی زیارەتکاران.

لە سەردانەکەیدا، کە هەریەک لە سه‌رپه‌رشتیاری ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمه‌ران، سەرۆکی ژووری بازرگانی، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، بەڕیوەبەرى قەیرانەکانی پارێزگا، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی لایەنە پەیوەندارەکان ئامادەبوون، پارێزگارى هەولێر دواى بەدواداچوون لە ڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکاران و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکان، لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ زیارەتکاران کرد و ئومێدى خواست خوداى گەورە نزا و پاڕانەوەکانیان لێ قبوڵ بکات و بە سەلامەتى بگەڕێنەوە شار و وڵات و زێدى خۆیان.
پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و سەر کونسڵى گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە تیمەکانى دەزگاى خێرخوازى بارزانى، قەیرانەکان، تەندروستى، پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ، ژینگەپارێزی و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاپەیوەندارەکان و لیژنەى باڵاى تایبەت بە پێشوازیکردنى زیارەتکاران کرد، کە هاوکار و هۆکارى سەرکەوتنى پڕۆسەکە بوونە و کارەکانیان بەڕێک و پێکى ئەنجامداوە.
هەروەها ڕایگەیاند: ” لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی جەنابی “سەرۆک بارزانی” کە هەر لەسەرەتای دەستپێکردی ئەو پڕۆسەیەوە، فەرمانی کردووە، بە هەر جۆرێک بێت، دەبێت باشترین خزمەت پێشکەش بە زیارەتکاران بکرێت”.
گوتیشی، ساڵانە ئەو پڕۆسەیەش بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ و تیمی وەزارەتی ناوخۆ، هۆکاری ئەساسی بوونە، تاکو ئێمە بتوانین لەپرۆسەکەدا سەرکەوتووبین، ئەمساڵیش کە ساڵی چوارەمە لەسەر یەک، بەئەزموون وەرگرتن لە ساڵانی ڕابردوو پڕۆسەکە زۆر بەباشی و بەڕێک و پێکی بەڕێوەچووە و تا ئەمڕۆکەش پێشوازیکراوە لە نزیکەی ( 65 هەزار ) زیارەتکار و بە باشترین شێوە و شێواز لە خزمەتیان دابووینە”.
گوتیشى: “وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر هەر لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاکو دواخاڵی پارێزگاکەمان کە بازگەی شێراوەیە، لە ئامادەباشیداین بۆ خزمەتکردنى زیارەتکاران و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ خزمەتکردنیان، دڵنیاشیان دەکەینەوە ئەوەندەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن، لە وڵات و شار و لە ماڵی خۆیان و لە نێو کەس و کاری خۆیانن”.
لەلایەن خۆیەوە، سەر کونسوڵی گشتی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سوپاسی تایبەتی سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ فه‌رمانیان كردووه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئەو ئاسانكاریی و خزمه‌تگوزارییەی پێشکەش بە زیاره‌تكارانی چله‌ی ماتەمینى شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن دەکرێت.
هەروەها سوپاسی پارێزگارى هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد له‌ پێشوازیكردنیانی زیاره‌تكارانی و دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ئه‌رێنی بۆ سه‌ردانیكه‌رانی زیارەتکاران.
جێگەى باسە، چەند ڕۆژێکە بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی “ئیمام حوسێن” و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بە چەند قۆناغێک دەستى پێکردووە و، لە هەولێری پایتەختیش بە باشترین شێوە هەموو ئامادەباشیەک کراوە بۆ خزمەتکردنى زیارەتکاران.