رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی ئاكرێ مامۆستایەكی ئایینی بە تۆمەتی سیحركردن دەستگیر كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئاب، لە ڕاگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند: دوای بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوونێکی ورد و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانیان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیپە توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن.

پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، تۆمەتبارەکە ناوی (ع. ط. ج)ـە و تەمەنی 60 ساڵە، پیشەی پێشنوێژ و وتارخوێنی یەکێک لە مزگەوتەکانی سنوورەکە بووە.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، ناوبراو لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 تاوانی سیحری بۆ ژنان و پیاوان ئەنجامداوە، وەک “سیحری گەیاندنی دوو کەس بەیەک” لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا.

هێزەکانی پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەستیان بەسەر ژمارەیەک کتێبی تایبەت بە کاری سیحر و جادووگەریدا گرتووە.

پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.