سلێمان تاشان – ههولێر
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێک لە گرنگترین و باشترین پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانە کە سەرەتاکان خەڵک لێی دەترسان و بەهۆی ئەو میدیایانەی لە دژی پڕۆژەکەدا قسەیان دەکرد ڕوانگەیەکی نەرێنییان بەرانبەری هەبوو، بەڵام ئێستا نەک لایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێ کراوە بگرە بە بەدیهاتنی خەونێکی هەژمار دەکەن و ئەوانەش کە پڕۆژەکەیان پێ نەگەیشتووە داوای دەکەن.
سەرەڕای ئەو سەرکەوتنەی پڕۆژەکە دەستەبەری کردووە بەشێک لە میدیاکان نابەرپرسیارانە لە هەمان ئاوازی جارانیان بەردەوامن و لەسەر ئەو پرسە دەدوێن و بێ هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو دەخوازن بە زۆر بە شتێکی خراپی هەژمار بکەن لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکە خۆی لای خەڵکە و ئەگەر خراپ بێت ئەوە خراپە و ئەگەر باش بێت باشە و بە قسە و بانگەشە نە دەکرێ بە زۆر باش بکرێ و نە دەکرێ بە زۆر خراپ بکرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتی میدیایەکی سەر بە ئۆپۆزسیۆن سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشا کاتێک بینیم ڕێپۆرتەر لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکی لەگەڵ هاووڵاتییان قسە دەکات. کاری ڕۆژنامەنووسی بریتییە لە گواستنەوەی زانیارییە ڕاستەقینەکان و ئەو ڕووداوەی کە ڕووی داوە و ئەو کاریگەرییانەی ڕووداوەکە لە دوای خۆی جێی هێشتوون نەک ئەوەی ڕووداوەکە چەواشە بکەی بە ئاراستەیەک کە ڕۆژنامەنووس یان دەزگا میدیاییەکە دیاری کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا سەردانی ئەو ماڵانە کرابوو کە کارەبای ڕووناکی گەیشتنبووە لایان و دیارە چەند مانگێک بوو سوودیان لەو پڕۆژە خزمەتگوزرییە وەردەگرت. هاووڵاتییەکە دەیویست بڵێ پڕۆژەکە شتێکی باشە و ئێستە هیچ کاتێک کارەبایان نابڕێت و هەست بە ئاسوودیی دەکەن بەڵام ڕێپۆرتەر قسەی پێ دەبڕی و قسەیەکی تری دەخستە ناو دەمی کە خۆی حەزی لێ دەکات بۆ نموونە دەیپرسی پێی باشە پارەیەکی زۆرت لە دابینکردنی کارەبا لێ بستێنرێت ئەویش یەکسەر دەیگوت حەز دەکەین پارەی کەممان لێ بستێنرێت، پاشان پرسەکەیان گرێ دەدا بە دواکەوتنی مووچەی بەغدا و ئەو کاریگەرییانەی بەهۆی نەناردنی مووچە هاتوونەتە کایەوە کە پرسێکی جیاوازی داراییە.
رێپۆرتەر لەگەڵ چەند هاووڵاتییەک قسەی کرد لە هیچیان ئەوەم نەبیست بڵێ پڕۆژەکە خراپە و بە تەواوی دەردەکەوت کێشەی لەگەڵ نرخەکەیشی نییە بەڵام پرسەکە لە ڕێی میدیاکەوە بە لاڕێدا دەربرا.
بە پێی ئەو بەدواداچوونە بابەتییانەی لە بواری کارەبای ڕووناکی لە کوردستان کراون ئەوە بە تەواوی سەلمێنراوە کە خەرجیی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی لەچاو پێشتر ئەگەر کەمتر نەبێت زیاتر نییە و جۆرێک هاوسەنگی و دادپەروەری لە نرخەکەدا هەیە و ئەوەی کارەبای زۆر خەرج بکات ئەوا دەبێت پارەی زیاتر و ئەوەی کەم خەرج بکات دەبێت پارەی کەمتر بدات و لە زۆربەی خێزانەکان پارەی مانگانە کەمتر لەو پارەیە گەڕاوەتەوە کە لە سەردەمی مۆلیدە خەڵک بە کارەبای دەدا.
هەر بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی هەولێر کە هەڵسەنگاندنی بۆ پێوەری کارەبای ژمارەیەک خێزان لە ماوەی یەک مانگدا کردووە دەرکەوتووە زۆربەی ئەو خێزانانەی بەشێوەیەکی ئاسایی هاوشێوەی مانگەکانی تری هاوین کارەبایان بەکار هێناوە و سوودیان لە سپلیت وەرنەگرتووە، لە نێوان چوارسەد تا شەشسەد کیلۆوات کارەبایان خەرج کردووە کە نرخەکەی بە پێوەری ڕووناکی لە نێوان بیست و هەشت هەزار دینار تا پەنجاو پێنج هەزار دیناردایە و ئەمەش نرخێکە لە نرخی ئەمپێری مۆلیدە زۆر کەمترە.
چونکە ئەو کارەبایەی خەرجیان کردووە لە نێوان چوار بۆ شەش ئەمپێردایە و لەو کاتەشدا ئەگەر مۆلیدە پارەی وەرگرتبا ئەوا لەو وەرزەی گەرمایەدا لانی کەم بۆ هەر ئەمپێرێک بیست هەزار دینار دەگەڕایەوە کە دەیکردە هەشتا تا سەد و بیست هەزار دینار.
بڕیارە تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كارهبای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ههرێمی كوردستان ببێتە بیست و چوار سەعاتی. گەورەترین دەستکەوتی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە خزمەتێکی یەکجار زۆر بە کەرتی ژینگە دەکات و بەهۆیەوە هەزاران مۆلیدە دەکوژێنرێنەوە و خەڵک لە ژاوەژاو و دووکەڵی پیسی مۆلیدە ڕزگاریان دەبێت.
بەپێچەوانەی دۆخی سەرەتاکانی پڕۆژەکە کە خەڵک ترسیان لێی هەبوو ئێستا خەڵک لە هەموو شوێنێک ئارەزووی دەکەن و داوایان لە حکوومەت ئەوەیە ئەوانیش بخرێنە ناو بازنە خزمەتگوزارییەکەوە.
دواین ئامارهكانی پڕۆژهی ڕووناكی دهیسهلمێنن تا ئێستا دوو ملیۆن و حەوتسەد هەزار كهس لەو خزمهتگوزارییه سوودمەند بوون. هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زۆر بە خێرایی دەنرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ شارهكانی دهۆك، ههولێر و سلێمانی کارەباکەیان بە تەواوی دەبێتە بیست و چوار سەعاتی.
دەستکەوتی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتییە لە پاکترکردنی ژینگە و سەدان مۆلیدە کوژێنراونەتەوە و بڕیارە تا دوو ساڵی تر تەواوی مۆلیدەکان بکوژێنرێنەوە کە بە دەستکەوتێکی گەورەی ژینگەیی دادەنرێت. وەک ئاشکرایە بەشێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی هەناسە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەو مۆلیدانە بوون کە لە گەڕەکەکان داگیرساون و میدیا ئەگەر نیشتمانی بێت ئەوا ناکرێت خۆی لەو راستییە بدزێتەوە.

