رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان بناغەیەکی باشی بنیاتناوە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری خۆراکی

هەرێمی کوردستان لانی کەم دە ساڵ دەبێت لە پرسی بەرهەمهێنانی گەنم بە خۆبژێوی گەیشتووە و ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە سەرووی پێداویستییەکانە و تەنانەت ئەو ساڵانەیش کە وشکەساڵی هەبووە لەسەرووی پێداویستییەکان گەنم بەرهەم هاتووە و ڕەوانەی بازاڕەکان و سایلۆکان کراوە.

هەرێمی کوردستان بەهۆی بە پیتی خاکەکەی و زۆری زەوی کشتوکاڵی بە وڵاتێکی دەوڵەمەند دادەنرێت لە بەرهەمی کشتوکاڵی لەسەرووی هەمووان دەوڵەمەندە بە بەرهەمی گەنم کە بە گرنگترین جۆری خۆراک لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هەر وڵاتێک هەژمار دەکرێت. لەپاڵ بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان هەبوونی ژمارەیەکی زۆری سایلۆ ئاسایشی خۆراکی کوردستانیان دابین کردووە.
بەپێی لێدوانی شارەزایانی بواری ئاسایشی خۆراک، گەنم یەکێکە لە بەرهەمە هەرە گرینگەکانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆراک بەو بەرهەمە گرێ دراون. مادەی گەنم بۆ ئارد و دەیان و بگرە سەدان جۆر خۆراکی تر دەگۆڕدرێت کە بە پڕۆسەیەکی پیشەسازی دەتوانێت هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سۆنگەیەوە و بە تێگەیشتن لە بایەخەکانی ئاسایشی خۆراک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە. لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیان پڕۆژەی جێبەجێ کردوون کە هاوکار بوون لە دابینکردنی زیاتری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر باش لەو بابەتەی ڕوانیوە و جگە لە هاندانی جووتیاران بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی بیری لە دروستکردنی سایلۆ و کۆگا و ساردکەرەوە کردووەتەوە و بەپێی زانیاری و ئامارەکان، ئێستا کۆگەکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن تۆنە. ساڵی ڕابردوو لە قوشتەپەی نزیک هەولێر سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم جێبەجێ کرا کە بیست و یەک ملیار دیناری تێچوو.
هەر لەو پێناوەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پیشەسازیی خۆراکی لە دهۆک دانا، پرۆژەکە لەسەر رووبەری ١٤٠٠ دۆنم زەوی زەوی دروست دەکرێت،بەپێی ئەو نەخشەی بۆی دانراوە زیاتر لە ٢٧٥ کارگەی تایبەت بەخۆراک تیایدا دەبێت، وەھەروەھا ٢٢٢ کۆگای جۆراو جۆریش لەناو کۆگای سارد و بەفرگرەوەش لەخۆ دەگرێت.
پرۆژەکە بەگەورەترین پرۆژەی پیشەسازی دادەنرێت لەژێر ناوی (شاری پیشەسازی خۆراکی کانی سپی ) یەوە دەبێت بەتەواوبونی پرۆژەکەش ھەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی دەڕەخسێت . پرۆژەکەش بەسیستەمی ھاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و کارتی گشتی دادەنرێت.
لە هەنگاوێکی دیکەدا، پلانی مەسرور بارزانی،سەرۆکی حکوومەت و کارنامەی حکوومەتەکەی بابەتی هەناردەکردن و دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی بووە بۆ بەرهەمی جووتیاران، چەند ساڵێک بوو لە هەرێمی کوردستان چەندین بەرهەمی ناوخۆیی بەهۆی زۆربوون و ساغ نەبوونەوەیان لە بازاڕ بە هەدەر دەچوون و فڕێ دەدران وەک ناڕەزایی جووتیاران لە بەهەدەرچونی ڕەنج و ماندوو بوونیان. حکوومەتی هەرێم لە ٥ ساڵی ڕابردوو بە تەواوی ئەم گرفتەی چارە کرد و بە چەندین ڕێگا بەرهەمی جووتیاران لە کارگە نێو خۆییەکان و بازاڕی وڵاتانی جیهان ساغ دەکاتەوە و ئەم پلانەش بەردەوامی هەیە و لە چەند ساڵی ئاییندەدا بە تەواوی دەبێتە دەروازیەکی باشی گەشەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.
یەکێک لەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەستی داوەتێ، بابەتی هەناردەکاردن و دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمی جووتیارانی کوردستان کە ئەمەش دەستکەوتێکی بێ وێنەیە لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراکدا کو لە مازەیەکی کەمدا ئەم بەرەوپێشچوونەی بەدی هێناوە.
لە ساڵانی ڕابردوو کاری زۆر کراوە، بۆ ئەوەی لە هەر بەرهەمێکی خۆراکی زیاد لە پێویستی ناوخۆ، بتوانرێت بازاڕی لە وڵاتانی دیکە بۆ بدۆزرێتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا ستافێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و کوردستانی، مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستی هەناردەکردنی بڕی ٥ هەزار تۆن پەتاتەیان بۆ وڵاتی ئیمارات لە نێوان کۆمپانیای ئەبو سیدۆی ئیماراتی و هەردوو کۆمپانیای وەبەرهێنانی (ئاورا و کەی ئێچ) واژۆکرد بەپێی ڕێککەوتنەکەش لە هەر هەفتەیەکدا بڕی ٥٠٠ تۆن پەتاتە بە پێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە هەناردە بکرێت.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی کەرتی تایبەت، هەوڵێکی ستراتیژییە بەرەو کرانەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی، دوای ئەوەی کە لوتکەی سەرکەوتن و بەرهەمهێنانی تۆمار کردووە و ئاستی خۆبژێوی بە ڕاددەیەکی زۆر بەرز بەدی هاتووە.
لە کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانییش سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا. لە بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی هەژدە ملیار دینار جێبەجێ کرا و لە هەڵەبجەش پڕۆژەیەک بە گوژمەی بیست و شەش ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە کە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنمی هەیە.
یەکێک لە دەستکەوتە گەورە و دیارەکانی ئەم هەنگاوە لە هەرێمی کوردستان کردنەوەی کارگەی زۆمە بۆ بابەتی شیرەمەنی، کارگەکە ئەزموون و تەمەنێکی مەمی کارکردنی هەیە بەڵام بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی بواری پیشەسازی خۆراک و کردنەوەی کارگەکەش ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو.
پڕۆژەی زۆم لەسەر ڕووبەری سێزدە ھەزار و چل و شەش مەتر دووجا بنیاد نراوە، ھەموو ئامێرەکانی ناو کارگەکە لە باشترین جۆر دروست کراون و بەرھەمی ڕۆژانە بیست تۆنە و توانای ھەیە بیگەیەنێتە پەنجا تۆن.