ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە یاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی ” شەهید فەرەنسۆ هەریری بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە.
لەو بارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دووپاتیکردەوە کەوا بە سوپاسەوە سەرۆک وەزیران جەنابی مەسرور بارزانی، ڕەزامەندبوون لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یارگاکە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکردووە، بەمەش دڵی هەموو وەرزشوانانی هەولێری خۆشکرد.
گوتیشی، بەدڵنیاییەوە پشتیوانیەکانمان بۆ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت، لە سەرووی هەمووشمانەوە پشتیوانی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری هەولێر، جەختی کردەوە، کە ئێستا لە پارکی سامی عەبدولرەحمان، خەریکی دروستکردنی یاریگایەکی تایبەتن بەمەشق و راهێنانی یاریزانانی یانەی هەولێر.و هەموو هەولەکانیشمان بە ئاراستەی پێشخستنی یانەی هەولێرو دڵخۆشکردنی جەماوەرە دێرینەکەیەتی …
جێگەی باسە، یاریگای “شەهید فەڕەنسۆ ھەریری” یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی 2001 بەناوی شەهید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شاری هەولێر.

