شیلان فەرەج
هەریەک لە ئێمە لە ژیاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و بەربەست بووینەتەوە، بەجۆرێک کە دەگەیتە ئەوپەڕی بێهیوابوون. چونکە هەر خۆی ژیانی مرۆڤەکان لە سەرەتای دروستبوونییەوە خۆشی و ناخۆشیی لەگەڵدا دروست کراوە. ڕەنگە تا ئەو ئاستەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنت لە ژیاندا ببێتە جەنگێک، بەڵام هیچ گرنگ نییە لەکوێ دەژیت و تەمەنت چەندە. ڕەنگە هەمیشە وێنای سەرکەوتن بکەیت و بە ڕێگایەکی دوورودرێژی ژیانی بزانیت. هەر یەکێک لە ئێمە بە شێوازێک وەسفی سەرکەوتن دەکات و دەتوانێت بە ڕێگایەک سەرکەوتوو بێت.
بەڵام پێش هەموو شتێک، گەنجی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە ئەم خەسڵەتانەی تێدایە: چاوەڕێی گەیشتن دەکات، بەڵام ناوەستێت؛ لە یەکەم شکستدا سەبر دەگرێت، بەڵام لە هەوڵدانەوە دووناکەوێت؛ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان بەهێزە، بەڵام کەللەڕەق نییە؛ کۆڵنەدەرە و بێهیوا نابێت. لێرەدا دەمانەوێت چەند گەنجێک بدوێنین سەبارەت بە پێناسەی گەنجی سەرکەوتوو و ڕۆڵی تواناکانیان لە پێشکەوتنی خۆیاندا.
شنیار سیروان، قوتابیی زانکۆیە و بۆ هێلین میدیا دەڵێت: “گەنج بەگشتی بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکە. گەنجان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتی بگێڕن لە گەشەپێدانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیاندا. تێڕوانینێکی گشتی هەیە کە گەنج لەم بارودۆخەی ئێستادا کەمتر دەرفەتی بەشداریکردنیان پێ دەدرێت، کە ئەمەش پەیوەندیی بە ژینگەی خێزان، کۆمەڵگا و لایەنی پەیوەندیدارەوە هەیە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، گەنجی سەرکەوتوو و خاوەن بەهرە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆرن و جێی شانازین.”
ژوان عومەر، وەک گەنجێکی خاوەن بەهرە، بۆ هێلین میدیا دەڵێت: “کۆمەڵگای ئێمە لە دوو ڕەگەز پێک هاتووە و خودا بەیەکسانی ژیانی بۆ هەردووکیان دابین کردووە. کوڕ بێت یان کچ، ئەرکی سەرشانیەتی کە هەر لە سەرەتای خودناسییەوە هەوڵی دۆزینەوەی سەرکەوتنی خۆی بدات و بە توانا و هێزی خۆیەوە بۆ مانەوەی بەهێز تێبکۆشێت، تا تاکێکی داهێنەر و بنیاتنەری لێ دەربچێت.”
دێنێ عەبدوڵا، گەنجێکی دیکەی شاری سلێمانییە و تێڕوانینی ئەو بۆ گەنج جیاوازە. پێی وایە پێشکەوتنی گەنج لە کۆمەڵگادا پەیوەست نییە بە زانینی زمانی بیانی، شێوازی پۆشینی جلوبەرگ، ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، یان تەنانەت حکوومەتیشەوە. بەڵکوو سەرکەوتنی گەنج پەیوەستە بە چۆنیەتیی بیرکردنەوەی؛ کە دەبێت ژیان و چواردەورەکەی بکاتە خاڵی سەرەتا بۆ گەیشتن بە پلیکانەکانی سەرکەوتن. کەواتە سەرکەوتن پەیوەندیی بە خودی تاک خۆیەوە هەیە. هەروەها دەڵێت: گرنگترین خاڵ لە ژیانی گەنجاندا ئەوەیە کە متمانەی بەخۆی هەبێت، ئامانجەکانی دیاری بکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کارانە بکات کە لە ڕابردوودا ئەنجامی داون و ئەوانەشی کە لە داهاتوودا ئەنجامیان دەدات. گەنج دەبێت توانای ئەوەی هەبێت کە خۆی بۆ هەموو ئەگەر و تاقیکردنەوەکانی ژیان ئامادە بکات. چونکە هەرکاتێک وەک جەنگاوەرێک بۆ سەرکەوتن جەنگا، ئەوا دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە دەبێتە کەسێکی سەرکەوتوو و ڕێگایەکیش دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هەزاران ڕێبواری دیکە بە هەمان ڕێگای سەرکەوتن.

