رۆژنامەی ھەولێر

بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی مەخموور و ناوچەكانی دیكە دابەش دەكرێت

بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارۆچكەی مەخموور و هەریەك لە شارەدێكانی كەندێناوە و مەلاقەرە و گوێڕ و قەراج و ناوچەكانی دیكە دابەش دەكرێت.

زیرەك حەسەن بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی شارۆچكەی مەخموور تایبەت بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی مەخموور و كەندێناوە و مەلاقەرە و گوێڕ و قەراج دابەش دەكرێت.

راشیگەیاند: هەر فەرمانبەرێكی ئەو ناوچانە پارچە زەوییەكیان لە باشترین شوێن پێ دەدرێت، زەوییەكەش لە سەنتەری شارۆچكەی مەخموور دەبێت.

هەروەها رایگەیاند: ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و شارەوانییەكانی شارۆچكەی مەخموور كاری جێبەجێكردنی بۆ ئەنجام دەدرێت.

زیرەك حەسەن گوتیشی: ئامانج لەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت، هەنگاونانە بۆ دروستكردنی چەند گەڕەكێكی نوێ لە سەنتەری شارۆچكەی مەخموور و هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیان.

بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی شارۆچكەی مەخموور جەختیشی كردەوە كە فەرمانبەرانی سنووری شارۆچكەی مەخموور، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن لە پڕۆسەی وەرگرتنی زەوی.