رۆژنامەی ھەولێر

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.8.3، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بە بەشدارى بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى دەنگدانى گشتیى لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە مانگى 11ى ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە هێزە ئەمنیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لە هەڵبژرادنى ڕابردوودا بە باشى و رێک و پێکى ئەرکەکانى خۆیان ئەنجامداوە، ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ، بەرگری شارستانی، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی بەپێى ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەستنیشانکرد و بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکەش هەموو هاوکاریی و پاڵپشتییەکى پارێزگا و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بۆ نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دووپاتکردەوە.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، جگە لە تەئکیدکردنەوە لە ئامادەباشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئومێدی خواست بە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن، هەڵبژاردنێکی ئارام، لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و دیموکراسى و سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاپاى هەرێمى کوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت.