رۆژنامەی ھەولێر

١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدیی تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، جیھان بە ناڵە و ھاواری ژنان و منداڵانی ئێزدی بە ئاگا ھات، دوای یازدە ساڵ ھێشتا چارەنووسی ھەزاران ئێزدی دیارنییە و برینەکانی ئەو کارەساتە ھێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێ، ھەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و حزبی یادی کارەساتەکە دەکرێتەوە.

ئێزدییەکان کێن؟
ئێزدییەکان لەگەڵ پارچەبوونی کوردستانی گەورە پارچە بوون و زۆرترینیان لە عێراقن و ٩٠%یان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە شێخان و شنگال، ١٠%یان دەکەونە ھەرێمی کوردستان و لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێن، ئەوانیش لە باعەدرێ، شاریا، خانکێ و ناوچەی ھەوێریان، میرگەی ئێزدییەکان باعەدرێیە شوێنی میری ئێزدییان.
ئێزدییەکان بە کوردییەکی پەتی و کرمانجی دوعا و نزا دەکەن، لە ھەمان کاتدا ھەندێکی کەمیشیان بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیاوە بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بە تایبەت ئێزدییەکانی باشیک و نزیک پارێزگای مووسڵ، بەڵام نوێژ و ئەنجامدانی سروودی ئایینی و کتێبە ئایینییەکانیشیان بە زمانی کوردییە، پیرۆزترین شوێنی ئایینیشیان پەرستگەی “لالش”ـە، کە دەکەوێتە قەزای شێخان لە نێوان سێ چیادا و گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگەیانە.

کەوتنی شنگال
ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرشی کرایەسەر و بەھۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێیھێشتبوو، توانیان بە ماوەیەکی کەم ناوچەکە داگیر بکەن و ھەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی ڕووبەڕووی مەرگ و ئاوارەبوون بکەنەوە ‌و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەکدارانە ڕوویان کردە چیای شنگال و لە ھەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەماڕۆدران و بێ ئاو و خواردن مانەوە و چەندین کەس بەھۆی تینویەتی و برسێتی و نەخۆشی لە ڕۆژەکانی یەکەمدا گیانیان لە دەستدا.
ئێزدییەکان بە وڵاتانی دنیادا دابەشبوونە، بەھۆی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی بەسەریان ھاتووە، کۆچیان کردووە و زۆربەیان لە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران نیشتەجێ بوون و ئێستاش زۆربەیان لە ڕووسیا نیشتەجێن و زیاتر لە ٢٠ ھەزاریش لە جۆرجیا و بە ھەزارانیش لە ئەرمینیا، ئەڵمانیا، ھۆلەندا و سوێدن، سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئێزدییەکان ھەمیشە باجی ئایینی و نەتەوەییان داوە، بەڵام ھەرگیز چۆکیان بۆ دوژمن دانەناوە. بەگوتەی بەرپرسانی شنگال، کە بۆ ” ھەولێر” قسەیان کردووە، دنیای دەرەوە تەنیا سۆزی بۆ ئێزدییەکان ھەبووە و بە کردار ھیچ وڵاتێک پشتیوانی یاسایی لە ئێزدییەکان نەکردووە، تەنانەت بەگوتەی ئەوان وڵاتان ھاوکار نەبوون بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و ھەوڵی ئەوەشیان نەداوە ڕفێندراوەکان ڕزگار بکەن.

بەڵێنی سەرۆک بارزانی بۆ شنگالییەکان
دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، سەرۆک بارزانی، بەڵێنی بە میر و ھاووڵاتییانی کوردی ئێزدی دا، شاری شنگال ڕزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەھیدانی ئێزدی لەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە، دەستەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا زیاتر لە ساڵێکی خایاند، لە ١٣/١١/٢٠١٥ لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، سەنتەری قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵ کردەوە، پێشتر ناوچەکانی ڕەبیعە و زوممار و سنوونێ و عەینزالە و دەوروبەری کۆنترۆڵکرابوون، سەرۆک بارزانی، ھەر ھەمان ڕۆژ بەبۆنەی ڕزگارکردنی شنگال لەسەر چیای شنگال لە پەیامێکدا وێرای پیرۆزبایی لە خەڵکی شنگال و ھێزی پێشمەرگە ڕاگەیاند، ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا، ئەم سەرکەوتنە بە ھەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو ڕۆژە نەما داگیرکەر و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە، ئێستا گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەھاکانی مرۆڤایەتیشە، بەڵام بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی، شنگال لەلایەن گرووپە نەناسراوەکان داگیر کرایەوە.

تا ئێستا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە
تا ئێستا ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان ھەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە، گرووپە چەکدارەکان کێشەی گەورەیان بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە و شارەکە وێرانە و ھیچ ھەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەدراوە، بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کەمتەرخەمییەکی زۆر ھەیە، لەگەڵ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان کێشەی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیان بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: تا ئێستاش شنگال داگیر کراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە خەڵک نەگەڕێتەوە، باشترین چارەسەر بۆ شنگال و دەوروبەری ئەوەیە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و گرووپە چەکدارەکان لە شارەکە نەمێنن، چونکە ڕەوشی شنگال زۆر خراپە و بەغداش جددی نییە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە، ئەوە داواکاری خەڵکەکەشە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە.

دوایین ئاماری قوربانیانی کارەساتەکە
ژمارەی ئێزدییەکان بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی نزیکەی ٥٥٠ ھەزار کەس دەبن، ژمارەی شەھیدانی ڕۆژانی یەکەمی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، ھەزار و ٢٩٣ شەھید، کە بەھۆی داعشەوە ٣٦٠ ھەزاریان ئاوارە بوون و ١٠٠ ھەزاریشیان چوونەتە دەرەوە، ژمارەی منداڵانی بێ باوک ٢٧٤٥ منداڵ، کوژراوەکان لەنێو ٨٢ گۆڕی بە کۆمەڵدان، ژمارەی مەزارگە و شوێنە ئایینییەکان کە تەقێندراونەتەوە ٦٨ مەزارگە دەبن.
گوندی کۆچۆ لە سنووری قەزای شنگال یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە شەڕی داعش زیانی زۆری پێگەیشت، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەو کاتەی داعش ھاتە ناوچەکە زیاتر لە ١٢٠٠ کەسی دانیشتووی کۆچۆ لەلایەن داعشەوە ڕفێندران. حوسێن قائید، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی گوت: نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ئارمانجی سەرەکی ئەو نووسینگەیە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییە، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان تا یەک کەس لە دەست تیرۆریستاندا مابێت، ژمارەی ڕفێندراوەکان ٦٤١٧ کەس، ڕەگەزی مێ ٣٥٤٨ و ڕەگەزی نێر ٢٨٦٩ کەس، تاوەکو ئێستا ٣٥٨٩ ڕفێندراو ڕزگار کراون، چارەنووسی ٢٨٢٨ کەسی دیکەش نادیارە.
حکوومەتی عێراق لە بابەتی شنگال جددی نییە
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دھۆک، ئاشکراشی کرد: تا ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیھان بە عێراقیشەوە ھاوکاری ئێمەیان نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەدەیان جار داوامان لێ کردوونە، ئەوەی ھاوکار بووە تەنیا نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم بوونە، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ھاوکاری ئێمە بکەن، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە، نە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، نە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەوەش ئەوە دەردەخات بابەتی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی بۆ حکوومەتی عێراق گرنگ نییە.