رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەولێر باندێکی 3 کەسیی دەستگیر کرد

ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هێزەکانیان توانیویانە سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (ق. أ. ع)، (م. غ. س) و (ف. ف. ج) دەستگیر بکەن.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی باندەکە، ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە کە تۆمەتباران شوقەیەکیان لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر بەکرێ گرتووە و کامێرایەکی نهێنی بچووکیان لەناو ئامێرێکی بڵندگۆ (سپیکەر) لە ژووری نووستنی شوقەکەدا جێگیر کردووە.

بەپێی ڕاگێیەندراوەکە، باندەکە بە بیانووی میوانداری و بەکارهێنانی چەند ئافرەتێک بۆ سەرنجڕاکێشان، زیاتر لە 10 هاووڵاتییان بردووەتە شوقەکەیان و بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان تۆمار کردوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆییەکان، تۆمەتباران هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لە قوربانییەکان کردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەیدا، داوای بڕێکی زۆری پارەیان لێ کردوون.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر سوپاسی ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە هاوکار بوون لە پێدانی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی ئەم باندە و جەخت دەکاتەوە کە تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.