رۆژنامەی ھەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو گرووپانەی هێرشی درۆنی دەکەنە سەر کوردستان ئاشکران

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:  ناوی ئەو کەسانەمان لایە کە بەرپرسن لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق لێپرسینەوە لەو هێرشکارانە بکات.

شەممە 2ـی ئابی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی عێراق دەزانێت کێ هێرشەکانی کردووە، بۆیە پێویستە سزای ئەوان بدەن، نەوەک سزای خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ناوەکانیان لایە، دەزانن چ گرووپێکن، ئاشکرای کرد، لەماوەی 4 ڕۆژدا لە 14ـی مانگ تاکوو 18ـی مانگ، ئەو گرووپانە 14 درۆنیان ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە.

لەبارەی بەرهەمی نەوت و ڕادەستکردنی بە بەغدا، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: ئێستا چەند بەرهەم هەیە، هێندە نەوتە ڕادەست دەکرێت، کاتێک کێلگەکان کەوتنەوە کار و بەرهەمەکان زیاد بوون، بەرهەمی زیاتر ڕادەست دەکرێت. گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگەدارکردووەتەوە لەوەی، ئامادەیی هەیە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سۆمۆ بکات، ڕایگەیاند: لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبوونەوەتەوە و ئەوان پێیان وایە نابێت حکوومەتی عێراق درێژە بە کێشەکانی مووچە بدات، هاوکات پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوت.

لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: ڕێکارەکان لەلای ئێمە تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە لەلای حکوومەتی عێراقە، من پێم وایە کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە نەک تەکنیکی، ئەوەتا مووچەی مانگی پێنجیان بەبێ بڕیاری دادگەی فیدراڵ نارد،  لەکاتێکدا سەرەتا بیانوویان ئەوەبوو کە دەیان گووت دەبێت بڕیارەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پێمان بگات پاشان مووچە خەرج دەکەین، بەڵام واش نەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بوودجەی 2026، گۆڕانکاری لە بەشی هەرێمی کوردستان دەکرێت، گوتی: پێویستە مووچەی مانگی شەش خەرج بکرێت، لێژنەکان کاری خۆیان کردووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە نەوت ڕادەست بکات.

سەبارەت بە پرۆژە یاسای شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: نا‌هێڵین ئەو پرۆژە یاسایە تێپەڕێت، تاکوو کەسکاری ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەڵەبجە نەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.