سلێمان تاشان – ههولێر
کەسایەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتیی دواخستنی مووچەی هەرێم و هێرشە درۆنییەکان دەخەنە ئەستۆی بەغدا و گرووپە میلیشیاکان و بە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاپۆرتی جیاواز پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و پێیان وایە هەموو ئەو ئاڵۆزی و قەیرانی دارایی و ناکۆکی و دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت پێوەندیی بە گرووپە میلیشیاکانەوە هەیە و داوای گرتنەبەری ڕێکاری جیددی لە دژیان دەکەن.
جۆ ویڵسن یەکێک لەو کۆنگرێسمانە ئەمەریکییانەیە کە لە پەیام و دەربڕینەکانیدا بە کەسێکی بوێر دەناسرێت و لەم ڕووەوە هەڵوێستێکی زۆر توندی هەبووە و لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕیوە کە میلیشیاکانی عێراق بەپارەی ئەمەریکا هێرش دەکەنە سەر هاوڕێکانی لە هەرێمی کوردستان.
ئەو کە پێشتریش لە ڕووداوی جیاوازدا یەکێک بووە لە پاڵپشتیکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات قبوڵکراو نییە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان گفتوگۆی کردووە.
جۆ ویڵسن دەڵێت ”بە داخەوە بە پارەی ئەو باجانەی بە بەغدا دەدرێت، میلیشیاکان پارەدار دەکرێن و هێرشی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، هەروەها بە هاوکاریی ئێران کار بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکرێ و دەبێت پێش بەو ئاڵۆزییانە بگیرێت.”
یەکێک لەو هەنگاوانەی ئەو کۆنگرێسمانەی ئەمەریکا بەڵێنی داوە بینێت ئەوەیە بە فەرمی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە ڕێکخراوەی تیرۆریستی بناسێت و هاوکارییە داراییەکان بۆ سەر عێراق بپچڕێنێت. ئەو لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا پڕۆژەیاسایەکی خستە ڕوو کە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسند بکرێت ئەوا بە پراکتیکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی میلیشیاکان دەبێتەوە و ڕێ نادات چیتر داهات و سامانی عێراق بۆ مەبەستی تیرۆر و کاری تێکدەرانە بەکار بهێنن.
لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ”هیومەن ڕایت وۆچ” ڕایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە. ڕێکخراوەکە داوای لە بەغدا و هەولێر کردووە، دابەشکردنی مووچە بخەنە پێش هەر هەنگاوێکی تریان.
هاوکات ئاماژەی بە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرشیان کراوەتە سەر و ململانێ و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدای بە شتێکی مەترسیدار زانیوە و نووسیویەتی حکومەتی فیدراڵی لە مانگی ئایارەوە ناردنی مووچەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە. هەر بۆیەش داوای لە هەر دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بکەن، ڕێگری لە هێرشی زیاتر بۆ سەر ژێرخانی وزە بکەن و دڵنیایی بدەن لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە بێ دواکەوتن.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا، پزیشک و پەرستار ناتوانن خەرجییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن، چونکە مووچەکانیان بووەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان و هاوکات هێرشەکان بوونەتە هۆی دابەزاندنی لەسەدا حەفتا لە بەرهەمهێنانی نەوت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە تایبەتی لە ناوەڕاستی مانگەکە لانی کەم بیست هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان بۆ سەر ناوەندەکانی وزە و نەوت بوون.
دواین هێرش ئێوارەی ڕۆژی دووشەم ٢٨ی تەمووز ڕووی دا کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
لە ناوەڕاستی مانگ لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوت کە دووانیان لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە شێخان بوو. لە هێرشێکی تردا بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور و تاوکێ لە زاخۆ، درۆنێکیتر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێی شێخانی کردە ئامانج. كێڵگەی نەوتی سەرسنک، لە ناحیەی چەمانکێ و کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر دوو کێڵگەی ترن کە هێرشی درۆنییان کراوەتە سەر.
بەخۆشییەوە ئەو هێرشانە زیانی گیانییان نەبووە بەڵام بەداخەوە بوونەتە هۆی دابەزاندنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی نەوت و زیانی بە ئابووری کوردستان و عێراق گەیاندووە، سەیر لەوەدایە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ڕادەستکردنی نەوتی کردبووە مەرجی ناردنی مووچە لە کاتێکدا نەوتێکی ئەوتۆ بەدەستەوە نەمابوو تا ڕادەست بکرێ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دواجار بە گوشاری نێودەوڵەتی بەغدای ناچار کرد مووچەی مانگی ئایار ڕەوانە بکات و ئێستەیش لە هەوڵی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتدایە بۆ ئەوەی هەر جۆرە بیانوویەک لە بەغدا ببڕێت.

