رۆژنامەی ھەولێر

كاردینال لویس ساكۆ سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكات

كاردینال لویس ساكۆ پاتریارکی کاسۆلیکی کلدانی لە عێراق و جیهان، سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد لەبەرامبەر تێڕوانینە نەتەوەیی و هەروەها هەوڵەكانی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە تەواوی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کاسۆلیکی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد.

لە دیدارەکەدا، ڕەوشی ئێستای عێراق و چۆنیەتیی پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکهاتە عێراقییەکان، کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان تاوتوێ کران؛ هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ئەم کولتوورە بەرزە مرۆڤایەتییە لە سەرانسەری عێراقدا کرایەوە.

کاردینال لویس ساکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ تێڕوانینی نەتەوەیی بۆ بنیاتنانی عێراق و پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی. هەروەها بۆ لەباوەشگرتنی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان و ئاوارە عێراقییەکان و غەیرە عێراقییەکان، لەبەر هۆکاری سیاسی و تائیفی و نەژادی و داوای دووبارەکردنەوەی ئەزموونی کوردستانی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو کە سوودی بۆ هەمووان هەبێت، کرد.

لە هەمانکاتدا، ستایشی ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کرد؛ لە برەودان بە نزیکبوونەوە لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و دڵنیای کردەوە کە پەیامی نوێنەرایەتی پەیامێکی نەرمە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان.