ئەمڕۆ دووشەممە 2025.7.28، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، بیروڕا لە بارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لەنێوان هەردوولادا کرا.
پاشان تیشک خرایەسەر ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی “ئیمام حوسێن” لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە ڕیگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە دەست پێبکات. لەوبارەیەشەوە شاندى میوان سوپاس و ستایشى حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ هاوکاریکردن و ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.

