لیژنەیەکی باڵای ئەمنیی هاوبەشی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبووەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەنەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لە یەکپارچەیی ئاسایشی عێراق و نیازیحکومەتی فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران کردەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی لە بێ ئەنجامی لیژنەکانی پێشوو گرتو هۆشدارییەکی ڕاشکاوانەی دا کە ئەگەر ئەمجارەش هەوڵەکان بێ ئەنجام بن، هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی خۆی “هەتا سەر بێدەنگنابێت“.
ئەمڕۆ دووشەممە 2025-7-28، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتەهەولێر و دوای کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند، لەسەرڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هاتوونەتە هەولێر و جەختی کردەوە: “ئەم بەئامانجگرتنە بۆ لێدانە لە ئابووری عێراق و زیانگەیاندنە بە ناوبانگی عێراق. پێویستە هەموومان بە یەکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی سەروەری وئاسایشی عێراق“. ئەعرەجی سوپاسی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی: “هێزی هەرێمی کوردستان، هێزە بۆ بەغدا و بۆعێراقی فیدراڵ“.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە چەندەمین جارەهێرشەکان دووبارە دەبنەوە و وتی: “پێشتریش چەندین لیژنەی هاوبەش دروستکراون و گەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواویش، بەڵام هەتا ئێستاهیچ ڕێکارێکی پێویست نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە.”
وەزیری ناوخۆی هەرێم هیوای خواست ئەم لیژنەیە “کۆتا لیژنە” بێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی کە “لەلایەن هەردوولامانەوە ئاشکران” و ڕێکاری یاسایی و ئەمنییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها ئاشکرایکرد کە هێرشەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەروەستانی کار و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان هەبووە.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، کە لیژنەیەکی تەکنیکیی دیکە پێکدەهێنرێت بۆ وردبینی لە پاشماوەی درۆنەکان و دیاریکردنی سەرچاوە وئەنجامدەرانی هێرشەکان و بە ئاراستەیەکی ڕاشکاوانە هۆشداریی دا: “هیوادارین کار نەگاتە ئەوەی بە لیژنە چارەسەر نەبێت، ئەگەرنا هەتاسەر ئێمەش بێدەنگ نابین لەوەی کە هەرێمی کوردستان بپارێزین.”
وەیزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە شاندە ئەمنییەکەی عێراق هەر ئەمڕۆ سەردانی بەشێک لەوشوێنانە دەکەن، کە لەلایەن دۆرنە بۆمبڕێژکراوەکانەوە بە ئامانج گیراون.

