ڕائیب جادر – هەولێر
سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ٢٥ ھەزار ناوی دیکەی پێشمەرگە لە یەکەی ٧٠ و ٨٠ دا بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی. دەشڵێ، ئەو فۆڕمانەی کەموکوڕییان ھەبووە چارەسەر کراون، شارەوانییە پەیوەندارەکان دەستیان بە دابەشکردنی زەوی کردووە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی، لە قۆناغی کۆتایی وردبینی و ناردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەراندایە، زیاتر لە ٤٨٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی ناوخۆ گەڕاوەتەوە.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: بەشێکی دیکەی ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی بۆ پێشمەرگەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە وەزارەتی شارەوانی کە نزیکی ٢٥ ھەزار ناو دەبێت.
سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: ئەو ناوانە کە بە لیست ھاتوونەتەوە، دەستمان پێکردووە و نووسراویان بۆ دەکرێت، ڕەزامەندییەکان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و کارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیا دەکرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەکانیان ڕەوانە دەکەین، بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆیان.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ئەو فۆڕمانەی کەموکوڕییان ھەبووە چارەسەر کراون، شارەوانییە پەیوەندارەکان دەستیان بە دابەشکردنی زەوی کردووە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

