لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد.
ئەمڕۆ ٢٧ی٧ی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد.
لە دانیشتنەکەدا فازڵ میرانی وێڕای بەخێرھێنانی کونسوڵی گشتی تورکیا تیشکی خستەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و ناوچەکە بەگشتی.
میرانی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا مێژووییەو لە ئاستێکی زۆرباش دایەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێش دەڕوات.
ھەروەھا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە گرنگ وەسف کردوو دەستخۆشی لە ھەموو لایەنەکان کرد کە ھاوکاربوون بۆ دەستپێکردن و بەرەو پێشبردنی ئەم پڕۆسەیەو ئامادەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەربڕی بۆ ھاوکاریکردن و سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو دووپاتی کرد کە بیروباوەڕی پارتی ئەوەی کە دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت و دوور لە دەنگی جەنگ.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان میرانی دووپاتی کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووەو جەخت دەکات کە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ ھیچ کێشەیەک نامێنێت، بەڵام ئاریشە لە جۆری بیرکردنەوەی دەسەڵاتە لە بەغدا.
ھەروەھا فازڵ میرانی تەئکیدی کرد کە چەندین جار ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵ بە بەھانەی جۆراوجۆر خۆیان لەو ڕێککەوتنە دەدزنەوە.
لەلای خۆیەوە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر سوپاسی سەرکردایەتی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو دووپاتی کرد کە تورکیا بە گرنگییەو پەرە بە پەیوەندییەکانی دووقۆڵی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە دەدات و ئامانجمانە ئەم پەیوەندییە مێژووییە بەرەو پێشتر بڕوات لە ھەموو ڕوویەکەوە.
ھەروەھا کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان لە ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتن دا بێت.

