رۆژنامەی ھەولێر

پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە

 

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆری حکوومی، مووچەی مانگی پێنج بەشێوەی دیجیتاڵی لەڕێگەی ھەژماری من وەردەگرن، کە تا ئێستا بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران وەریان گرتووە. شارەزایانی بواری ئابوورییش، دەڵێن، پڕۆژەکە بە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە و فەرمانبەران سوودمەندی یەکەمن لە پڕۆژەکە.

پڕۆژەی ھەژماری من کە پڕۆژەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ گشتگیری دارایی و بانکی، لەو کاتەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستی پێ کردووە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئامانجیەتی زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆمار بکات و مووچەکانیان پێبدات.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندبوو، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان کردووە بە بابەتی ئەوەی کە بەغدا پێی دەڵێ تەوتین و ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێی دەڵێین، ھەژماری من، ئەمە بۆ ئەوەیە کە ھەموو ھاووڵاتییەک بە تایبەتیی فەرمانبەران ببن بە خاوەنی ھەژماری بانکی خۆیان، ئەوەی جیاوازە لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراقی ئەوەیە کە ھەژماری من پڕۆژەیەکە ھەموو مافە بانکییەکانی بۆ ھاووڵاتی دەستەبەر کردووە، کەواتە تەنیا ئەوە نییە کە بانک ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ پێدانی مووچە، واتە تەنیا ئامرازی گواستنەوە نییە تەنیا مووچە بدات، بەڵکو ھەموو ھاووڵاتییەکی ھەرێم کە بەشدارە لە پڕۆژەی ھەژماری من، سوودمەندە لە ھەموو خزمەتگوزارییەکی بانکی، ھەرچی خزمەتگوزاریی بانکییە دەتوانن تێیدا سوودمەند بن، ئەم پڕۆژەیە زۆر بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچێ، ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان داخیل کراون لە پڕۆژەی ھەژماری من، کەواتە بابەتی تەوتین لە ھەرێمی کوردستان لەمێژە دەستی پێکردووە و ئێمە بەردەوامین و پێمانوایە ئەمە ڕێگەیەکی باشە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵکو بۆ بووژانەوەی ئابووری و دروستکردنی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان، ھیوادارین ھەموو عێراقیش چاو لە ھەرێمی کوردستان بکات، ھەموو ئەو بانکانەش لەڕێگەی بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون، کەواتە ھیچ بانکێک کە ڕێگەپێدراو نەبێت، نەمانھێشتووە بێتە نێو پڕۆژەکەوە، ھەموو بانکەکان ڕێگەپێدراون و ئەو بانکانەن کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.
ئەو مووچەخۆرانەی مووچەی مانگی پێنج بە کارت وەردەگرن، ٢٣٩ ھەزار و ٩٠٠ یان فەرمانبەری مەدەنین، ١٥٢ ھەزار و ٨٥٠یان ئاسایش و پێشمەرگەن و ٨ ھەزار و ١٠٠ کەسیشیان خانەنشینن، دابەشبوونی جوگرافی سوودمەندانی ڕاکێشانی پارە لەرێگەی دیجیتاڵی ٢٣٩ ھەزار و ٢٨٠ مووچەخۆر لە ھەولێر، ١٢ ھەزار و ٧٧٠ مووچەخۆریش لە دھۆک و ٣٥ ھەزار و ٧٩٠ مووچەخۆریش لە سلێمانین، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار سوودمەند لە فەرمانبەرانی حکوومی خۆیان تۆمارکردووە بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھەژماری من، جگە لەوەی زیاتر لە ٥٨٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون، ئەمەش دڵنیای دەدات لە دەستراگەیشتنی مووچەخۆران بە پارەکانیان بە درێژایی ٢٤ کاتژمێری ڕۆژانە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر خەڵک لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە لە بەردەم بانکەکان نۆرەی دەگرت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام ھەژماری من مووچەخۆرانی لەو سڕ و نۆرەیە ڕزگار کرد، ھەر کاتێک بیانەوێت مووچەی خۆیان بەبێ کێشە وەردەگرن، ئەوەش فەرمانبەر و خانەنشینانی خۆشحاڵکردووە و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن.
ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار تێدا شوێنی دەبێتەوە، کاتێک پارە لەناو ھەر ئامێرێک نامێنێت مانای نەبوونی پارە نییە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکی بۆ کەمی ژمارەی تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکان بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا ھەر بانکێک دوو تیمی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە.
شڤان حەسەن، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێگەی ئەو بانکانەی ناو پڕۆژەی ھەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە تۆمار کردووە، لە داھاتوودا لە ھەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکییانە سوودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پڕۆژەکە بە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە، بۆیە داوا لەو فەرمانبەرانە دەکەم کە تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە ھەرچی زووە خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش ببنە خاوەن کارتی بانکی و لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە سوودمەند بن، لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا و ھەنگاو بە ھەنگاو زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەھۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.
ئەو پڕۆژەیە کە دەستپێشخەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، خۆشی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. دیار سەلیم، شارەزای ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من، ھەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیھاندا ھەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، ھەروەھا پڕۆژەکە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە، ئەو بانکانەی کە لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، بۆیە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لەو پڕۆژەیە بەردەوامە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، وەکو سەرۆکی حکوومەت دەڵێ، ئەمەش بە ھیچ جۆرێک مایەی قبووڵکردن نییە، چونکە ھەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە.
سەلیم، گوتیشی: پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆری بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی ھەژمارەکان دەبێتە ھۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، ھەروەھا توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە ھەر شوێنێک بە بەکارھێنانی بانکی مۆبایل -ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان، ھەروەھا کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکاو لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.