رۆژنامەی ھەولێر

دەرۆزە کردن لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە خەریکە دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

دەرۆزە کردن کەم و زۆر لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەیە و وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەو دیاردەیە بێبەری نییە و لە بازاڕ و گۆشە و کەناری شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان کەسانێک بە سواڵکردن خەریکن.

رواڵەتی دیمەنەکان ئەوە پێشان دەدەن کە ئەوانە کەسانێکی لێقەوماو و هەژارن و لە ڕووی ناچارییەوە دەستیان بۆ خەڵکی پان دەکەنەوە، بەڵکو بە بڕە پارەیەک یارمەتی بدرێن و ژیانی خۆیان هەڵسووڕێنن، بەڵام ڕاستییەکە مەترسیدارترە لەوەی بیری لێ دەکەینەوە، ئەوانەی دەرۆزە دەکەن خۆشیان قوربانیی ئەو باند و مافیایانەن کە هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتی و فرە ڕەگەزەکان، پەلوپۆیان بە وڵاتاندا هاویشتووە.
دەرۆزەکەرەکان پێشتر و لە سەردەمانی کۆن ناسراو بوون و خەڵکی هەموو گەڕەکێک دەرۆزەکەرەکانی گەڕەکەکەیان دەناسی و دەیانزانی ئەوانەی دەرۆزە دەکەن کێن و لە چ شوێنێک دەژین، ئەمڕۆ سەردەمێکی نوێ هاتووەتە کایەوە و ئەو دیاردەیە لە لایەن گرووپ و باندە مافیاکان قۆستراوەتەوە و ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە گرتووە.
دیاردەکە لە پارێزگاکانی عێراق زۆر فراوانتر بووە و حکوومەتی عێراقی ناچار کردووە بەرانبەریان ڕێوشوێنی توندی ئەمنی بگرێتە بەر. بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەڵێن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە چل هەزار دەرۆزەکەر دەرکراون کە خەڵکی عێراق نەبوون و لە وڵاتانی دراوسێوە هێنراونەتە عێراق، ئەو دەرۆزەکەرانە دەرۆزەکەری ئاسایی نین و پێوەندییان بە گرووپ و تۆرە مافیاکانەوە هەیە.
ئەو باندە مافیایانە بۆ کۆکردنەوەی پارە و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک سوود لە ژنان و منداڵان وەردەگرن و ئەوەی ڕوو دەدات فڕی بە هەژاری و دەستکورتیی ئەو کەسانە نییە بەڵکوو گرێدراوی گرووپە مافیاکانە بۆ دەستخستنی پارە و تەنانەت ئەنجامدانی کاری نایاسایی. بەشێک لەو دەرۆزەکەرانە بە جلکی دەرۆزەکەری خەریکی بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و کاری نایاسایی ترن و لە ژێر جلکی دەرۆزەکەریدا خۆیان لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەپارێزن.
فازڵ غەراوی سەرۆکی دامەزراوەی ستراتیجیی مافی مرۆڤ بۆ ماڵپەرێکی مێدڵستنیوز نووسیویەتی سواڵ و دەرۆزەکردن لە کۆمەڵگەی عێراق چیتر ڕەفتارێکی تاکەکەسی نییە و بووەتە کردەوەیەکی ڕێکخراو و لە لایەن گرووپ و باندە مافیاکانەوە ئاڕاستە دەکرێت، کەڵکی خراپ لە منداڵان و ژنان وەردەگیرێت و تەنانەت کڕین و فرۆشتیان پێ دەکرێت، بەشێک لەو دەرۆزەکەرانە لە وڵاتانی ئاسیاوە دەهێنرێنە نێو تۆڕەکان و هەندێکیان لە ژێر ناوی گەشتیاری ئایینی یان پەناخواز بۆ عێراق دەگوازرێنەوە.
بۆنەکانی وەک عاشوورا و سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان بیانووەکی باشە بۆ ئەوەی ساڵانە بە هەزاران دەرۆزەکەر ڕوو لە عێراق بکەن و لە لایەن باندەکانەوە ڕێک بخسترێن و لە شوێنە جیاوازەکان جێگیر بکرێن.
بەپێی ئامارێک کە ئەو دامەزراوەیە ئاشکرای کردووە سوورییەکان لەو دیاردەیەدا پشکی شێریان پێ بڕاوە و زۆربەی ئەو کەسانەی گیرۆدەی ئەو باندە مافیایانە بوون خەڵکی سووریان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕێکاری پێویستی بەرانبەریان گرتووەتەبەر و لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ چل هەزار کەس لە عێراق دەرکراون و هێشتا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکانی عێراق خەریکی دەرۆزەکردنن لەو ژمارەیە زۆر زیاترن.
ئەو دەرۆزەکەرانە هەر لە لایەن باند و گرووپەکانەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و تەنانەت جۆری دەرۆزەی ئەلیکترۆنییان داهێناوە و بە درۆ و بە دروستکردنی بەڵگەنامەی پزیشکی و هەڵگرتنی منداڵی ساوا و ژن و خۆ دەرخستنیان وەک کەسێکی هەژار و لێقەوماو، هەوڵی کۆکردنەوەی پارە دەدەن و لە ژێر سێبەری ئەمەدا بەس خوا دەزانێت چ تاوانێک دەکەن.
دیاردەی دەرۆزەکردن بووەتە هۆکاری بەقاچاغبردنی مرۆڤ و تەنانەت کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤ و وای کردووە دۆخێک بێتە کایەوە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی بکات.
داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە دەستوبرد بکات و تەواوی ئەو دەرۆزەکەرانە بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێنێتەوە و هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوە و ناساندنی گرووپە مافیاکان و سزادان و لێپێچینەوەیان.
هەرێمی کوردستانیش لەم دیاردەیە بێبەری نییە و ڕوانگەکانی پێشتری خەڵک ئەوە بووە کە دەرۆزەکەرەکان بە فێڵ تەنیا ئامانجیانە پارە کۆ بکەنەوە بەڵام ئامانجەکان دەکرێت شتی مەترسیدارتریش بن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بخەنە مەترسییەوە، ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و خەڵکی ئاسایی بە وریاییەوە لەم دیاردەیە بڕوانن.