رۆژنامەی ھەولێر

ره‌وان ئه‌حمه‌د بیری، چالاکوان له‌ وڵاتی سوید‌: دوایین رێكه‌وتنی نێوان فه‌ره‌نسا و بەریتانیا سه‌باره‌ت به‌ كۆچی نایاسایی چه‌ندە ئەرێنییە، ئەوەندەش نەرێنییە

دیدار/ عه‌بدولقه‌هار هه‌ولێر

ڕێکارەکانی کۆچکردن بەپێی جۆری کۆچکردن (یاسایی یان نایاسایی) و وڵاتی مەبەست دەگۆڕێت. بەگشتی ڕێکارەکانی کۆچی یاسایی بریتین لە: داوای ڤیزە یان مۆڵەتی چوونەژوورەوە، پشتڕاستکردنەوەی شایستەیی، چاوپێکەوتن، پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی پێویست، پێدانی کرێ و پابەندی بە یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکان؛ كۆچی نایاسایی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ باز ده‌دات، كه‌ له‌ كۆچی یاساییدا ئاماژه‌ی بۆ كرا. به‌گشتی كێشه‌ی په‌نابه‌ران كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایه‌ .

بۆ ئاگادارییەکی زیاتر له‌سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی كۆچی نایاسایی، چه‌ند پرسیارێك ئاراسته‌ی ره‌وان ئه‌حمه‌د بیری چالاکوان له‌ وڵاتی سوید ده‌كه‌ین :
دوایین رێكه‌وتنی نێوان فه‌ره‌نساو بەریتانیا سه‌باره‌ت به‌ كۆچی نایاسایی به‌ كوێ گه‌یشتووه‌، كه‌ لێشاوی كۆچ له‌ سنوری ئاوی نێوان هه‌ردوو وڵات كێشه‌ی زۆری ناوه‌ته‌وه‌؟
دوایین رێكه‌وتنی نێوان لەندەن و پاریس گەیشتن بووە به‌ ڕێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ فەرەنسا؛ ناوه‌رۆكی رێكه‌وتنه‌كه‌ ئەوەتانێ بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر پلانێک ڕێک کەوتوونە بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو کۆچبەرانەی لە ئاوەکەی نێوان فەرەنسا و ئیبتگلتراوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا؛ ئەویش هەوڵێکی بەریتانیایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەخنەکان لە کۆچی نایاسایی. لە دوا سەردانەکەی ماکرۆن بۆ لەندەن و دیدارەکەی لەگەڵ کیەر ستارمەر سەرۆکوەزیراندا ئەو رێککەوتنە کراوە. وەکو دەزانن، بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەوروپا هاتووەتە دەرەوە (برێگزیت).
بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەریتانیا بەشێک لەو کۆچبەرانە دەگەڕێنێتەوە کە بە بەلەمی بچوک لە کەناڵەکەوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا، لە بەرامبەر وەرگرتنی ژمارەیەکی یەکسان لە کۆچبەران کە وا گریمانە دەکرێت داوای مافی پەنابەری ڕەوایان لە بەریتانیا هەبێت.
ئایا ئه‌م رێكه‌وتنه‌ لایه‌نی نەرێنییشی ده‌بێت؟
بێگومان وەکچۆن لایه‌نی ئەرێنی و باشی هه‌یه‌، لایه‌نی نەرێنی و زیانۆکیشی هەیە؛ بۆ نموونه‌ پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە ملیۆنان پاوه‌ن بۆ جانتای گشتی بەریتانیا تێبچێت. باجدەران دەبێت پارەی ناوەندەکانی پرۆسێسکردن لە فەرەنسا دابین بکەن، هەروەها کرێی یاسایی و تێچووی گواستنەوە و ئاسایش. ئەمەش جگە لەو ٧٧٠ملیۆن پاوەنەی بەریتانیا لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا ڕەوانەی فەرەنسا کردووە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕۆیشتنی بەردەوامی کۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا.
هاوكات لە فەرەنسا ئەو نیگەرانییە هەیە کە ئەو وڵاتە ببێتە “ناوەندی گەڕانەوە” بۆ کۆچبەران. لە یاسای پەنابەریی یەکیەتیی ئەوروپادا هاتووە کە وڵاتانی ئەندام دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتێکی یەکیەتیی ئەوروپا، کە پەنابەر لەوێوە هاتووەتە ناو یەکیەتیی ئەوروپا، بەڵام پێشتر بەرەنگاریی وڵاتانی دیکەی ئەندام هەبووە، کە ئامادە نین ئەوانەی بەریتانیا گلی نەداونەتەوە، وەربگرنەوە.