لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەرۆکایەتى شارەوانى قوشتەپە لە ڕێورەسمێکدا، بە تیروپشک دەستکرا بە دابەشكردنی ( 2 هەزار و 36 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانى سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى قەزایی قوشتەپە.
لە رێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و بژار مەلاخدر، قایمقامی قەزایی قۆشتەپە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی کرد بۆ ئەو بڕیارە لە پێناو خزمەتکردنى فەرمانبەران و جەختی لە بەردەوامی پرۆسەكە كردەوە، ئاشکراشیکرد، بەپێى داڕشتنى ماستەر پلانى هەولێر نەخشە و دیزاینى بۆ ئەو زەویانە داڕێژراوە دابەشدەکرێت، و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاکو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەى بەپێی ڕێنماییەکان زەویان وەرنەگرتووە زەوى وەردەگرن.
هەروەها دەستخۆشیان لە بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

