ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.7.24، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانى دیکە و پزیشکانی پسپۆڕ، کۆمەڵەی پزیشکانی ئێسک و شکان، چوارەمین کۆنفرانسی زانستی پزیشکانی ئێسک و شکانى سازکرا.
لە کۆنفرانسەدا، کە ئامانج لێى ئاشنابوون بوو بە دوایین پێشهاتەکانی بواری پزیشکی لە جیهاندا، بۆ ئەوەی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەیە، بە هەماهەنگى پزیشکانی هەرێم و پزیشکانی دەرەوە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەندبن، لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایان چەندین بابەتى و پرسى تایبەت بەو بوارە خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانى کۆنفرانس، پاڵپشتى و پشتیوانی پارێزگاى هەولێری بۆ سەرکەوتنى کۆنفرانسەکە دووپاتکردەوە. هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی مایەی شانازییە هەولێرى پایتەخت لە بوارى تەندروستيدا بۆتە سەنتەرێک بۆ هەرێمى کوردستان و تەواوى شارەکانى ترى عێراق و لە ئاستێکى بەرزدا خزمەتگوزاریییە پزیشکیەکان پێشکەش دەکرێت.

