ڕائیب جادر – هەولێر
وێڕای گەماڕۆی ئابووری و نەناردنی مووچە و شایستەداراییەکان لەلایەن بەغداوە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستەوەستان نەبووە و بەردەوامە لە بنیادنانی ژێرخانێکی پتەو لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدانی، پڕۆژەی شەقامی دووسایدی حاجی ئۆمەران کە بە شێوازێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە جێبەجێ دەکرێت، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەکە بایەخێکی یەکجار باشی بۆ ناوچەکە ھەیە و ٦٥% کارەکانی بە کۆتا ھاتووە.
حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆری بە ڕێگەوبانەکان داوە
بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەنێو ژێرخانی ئابوورییش ڕێگەوبان، پرد و تونێل، سەرەکیترین پێکھێنەرن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی، سەرەڕای قەیران و فشارە داراییە جیاوازەکان، حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی کاری باش بکات و ھەنگاو بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ڕێگەوبان بنێت. لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاڵ ڕێگە گشتییەکان گرنگی زۆر بە ڕێگەی گوندەکان دراوە، بە جۆرێک لەم کابینەیە ٣١٨ ڕێگە بۆ گوندەکان دروست، نۆژەن و قیڕتاو کراون، ئەوەش لەسەر بودجەی وەبەرھێنان و ئاسایی و وێستگەکانی کێشکردن، لەسەر بودجەی وەبەرھێنان ٢٦ گوند بەدرێژایی ١٦٨کم، لەسەر بودجەی ئاسایی ٢١٣ گوند بە درێژایی ٨٩ کم و لەسەر داھاتی وێستگەکانی کێش ٣٠% بەدرێژایی ٦٠ کم، کۆی گشتی دەکاتە ٤٠ ملیار و ٨٠٧ ملیۆن دینار، بەدرێژایی ٣١٧کم، لە ھەولێر ٦٩ پڕۆژە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٥ پڕۆژە، لە سلێمانی ١٠٧ پڕۆژە، لە ئیدارەی گەرمیان ٣٨ پڕۆژە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ٤٧ پڕۆژە، لە ھەڵەبجە ١٩ پڕۆژە، لە دھۆک ٢١ پڕۆژە و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٢ پڕۆژە جێبەجێ کراون.
پردی چەمێ ژمارەیەکی زۆر گوند لێی سوودمەند دەبن
ڕۆژی دووشەممە ٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٥ لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەلامستەفا بارزانی و خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی، سەربازی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە بە دروشمی “ھەر ئاوەدان بێت کوردستان” بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی چەمێ دانرا.
لە وتارێکدا مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی بەرێز جەنابی سەرۆک بارزانی، ئاراستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی کە لە پێناو خزمەتی وڵاتدا ئەنجامی داون، بە تایبەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی پردی چەمێ، کە بە ھەستێکی نیشتمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کردووە، مەلامستەفا بارزانی ئەم خزمەت و دیارییە پڕ بەھایەی بەرز نرخاند، ھیوای خواست کە لەم کارە خێردار و پیرۆزانە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان بەردەوام بێت، ھەروەھا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەرەکە کرد بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە، کە کارئاسانی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات.
پردی کۆنی چەمێ بەھۆی بەرتەسکی و سنوورداری لە توانای بەرگەگرتن لە قورسایی و زەحمەتی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان دروست کردبوو، ئەم پردە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن ھەبوو، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم پردە نوێیە سوودێکی گەورە بە دەڤەرەکە دەبەخشێت و دانیشتووانی ژمارەیەکی زۆر گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا کارئاسانی بۆ ئەو گەشتیارانە دەکات کە بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی زێت ھاتووچۆی دەرەوەی وڵات دەکەن.
پردی چەمێ، کە لەسەر رووباری ڕووکوچک دروست دەکرێت، درێژیەکەی ١١١ مەترە و پانییەکەی ٢١ مەترە، ڕێگاکە لەسەر پردەکە دوو ساید دەبێت، جیا لە دروستکردنی پردەکە ڕێگاکە لە ھەردوو لای پردەکە بە درێژی زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیارییەکان دروست دەکرێت.
٦٥%ی کارەکانی دوو سایدی حاجی ئۆمەران تەواوبووە
درێژی دوو سایدەکە پێکھاتووە لە دوو ھەزار و پێنج سەد مەتر، لەگەڵ ئاو و ئاوەڕۆ، سیستەمی ڕووناکی و دیواری پاڵپشت بە درێژایی پڕۆژەکە و ھێلکاری و سەوزای بەدیزاینێکی مۆدێرن و گەڕاجی ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەوەی ستوونەکانی کارەبا نەماون و تۆڕی کارەبا بە سیستەمێکی پێشکەوتوو ژێر زەوی کراوە، ئەمەش دانیشتووانی سنوورەکە و ئەو شۆفێر و ھاووڵاتییانەی بە شەقامەکەدا ھاتووچۆ دەکەن دڵخۆش کردووە و دەستخۆشی لە حکوومەت و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەکەن کە شەو و ڕۆژ لە کاردایە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوەی بۆ ناوچەکە کراوە زۆر کەم بۆ شوێنەکانی دیکە کراوە.
ڕێگەی حاجی ئۆمەران ڕێگەیەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییە، ڕۆژانە بە سەدان بارھەڵگر کەلوپەل لە ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، زۆرجار بەھۆی خراپی ڕێگەکە توشی ڕووداوی ھاتووچۆ دەبوون، بەو ھۆیەوە زیانی گیانی و ماددەی بەر شۆفێر و ھاووڵاتییان دەکەوت، ئێستا بە دووسایدکردنی ڕێگەکە ھەم ڕووداوەکانی ھاتووچۆ کەم دەبنەوە، ھەمیش زەرەروزیانەکان، لەگەڵ ئەوەی بە ماوەیەکی کەمتر دەگەنە شوێنی مەبەست جگە لەوەی جوانییەکی بێ وێنە بە ناوچەکە دەبەخشێت و سیمای شار دەگۆڕێت.
پڕۆژەکە بەبڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت، ٧٠٠ ڕۆژ بۆ کارکردن لە پڕۆژەکەدا تەرخان کراوە و تا ئێستا کۆمپانیای جێبەجێ کار لە ١٦٠ ڕۆژدا ٦٥% کارەکانی بە کۆتا ھێناوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داھاتوودا پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان و شۆفێرانی ناوچەکە و ئەوانەی کە بەو ڕێگەیەدا ھاتووچۆ دەکەن، بەتایبەتی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران. جووتیار کاکەیی، ئەندازیاری سەرپەرشتیار، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پڕۆژەی دووسایدی سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ٦٥% کارەکانی تێپەڕاندووە، واتە قۆناغە زەحمەتەکەی تێپەڕاندووە کە پێی دەگوترێت قۆناغی ئەندەرگراوند، واتە قۆناغی زەوی، ئێستا لە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەکەداینە، کە پێکدێت لە چەند چینێک، ھەوڵ دەدەین پێش وادەی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی ناوچەکە و ئەوانەی بەو ڕێگەیەدا ھاتووچۆ دەکەن.

