ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.7.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کرا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتى و کارئاسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریى و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسیەکان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتیەکى خۆی بۆ ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر دووپاتکردەوە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر باسی لە گرنگى ڕۆلى ئەنجومەنى شارەوانى کرد لە پێناو پەرەپێدان و گەشەسەندنى زیاترى شارى هەولێر و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، لەوبارەیەشەوە جەختی لە بەرەوپێشبردنی ئیش و كاری دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا، كە پێویستە سەرجەم دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن. هەروەها جەختى لە پێشکەشکردنى هاریکارى و یارمەتیدان و ئاسانکارى بۆ کاسبکاران بە گشتیى لە چواچێوەى ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان و هەماهەنگی ئەنجومەنى ناوبراو لەگەڵ دام و دەزگا و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى ترى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە.
جێگەى باسە، لە سەر ڕاسپرادەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەولێر لە 2020.10.8، وەک ئەنجومەنى شارەوانى یەکەمین شاری هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و پێکهاتووە لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر، رێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا هەیە، ئەو ئەنجوومەنە کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتى و کارئاسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریى و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسیەکانی هاووڵاتییان.

