ڕائیب جادر – هەولێر
پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لەبواری بەرھەمھێنان و جۆرەکانی ترێ، ١١٠ جۆری ترێ لە دھۆک بەرھەم دەھێنرێن. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، دەڵێت: یەک لە پلانی سەرەکی حکوومەتی ھەرێم پشتگیریکردنە لە کەرتی کشتوکاڵ و لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە. دەشڵێ: ئەمساڵ ڕێژەی بەرھەمھێنانی ترێ زۆر زیادبووە و بەرھەمی جووتیارانی سنوورەکە دەگاتە شەست ھەزار تۆن.
لە پارێزگای دھۆک، ١١٠ جۆری ترێی خۆماڵی بەرھەم دەھێنرێن، بۆ بە بازاڕکردنی زیاتریشی، ساڵانە پێشانگەی تایبەت بۆ بەرھەمی ترێ دەکرێنەوە، دھۆک لەڕووی بەرھەمی ترێ ناسراوترین پارێزگای عێراقە، کۆلێژی کشتوکاڵیی دھۆک بە ھاوکاری چەند جووتیارێکی پارێزگاکە توانیویانە ١٢ جۆری نوێی ترێ بەرھەم بھێنن کە لەسەر ئاستی جیھان تەنیا لە دھۆک ئەو جۆرە ترێیە ھەیە.
ترێ یەکێکە لەو بەرھەمانەی بە پشتیوانی دارایی و ئیداری و گواستنەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، ھاوکات حکوومەتی ھەرێم لە وەرزی پێگەیشتنی ھەر بەرھەمێکی خۆماڵی، باج دەخاتە سەر بەرھەمی بیانی و ڕێگە لە ھاوردەکردنیان دەگرێت.
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بەرووبوومی خۆماڵی، نرخی زیاتری پەیدا کرد و جووتیاران سوودیان لە کشتوکاڵەکەیان وەرگرت، چونکە حکوومەت بەرھەمی ناوخۆیی دەپارێزێت و سنوور بۆ ھاوردەکردن دادەنێت.
نرخی بەرھەمی خۆماڵی بە جۆرێکە کە جووتیاران سوودی لێ دەبینن ھەمیش بەرھەمەکە خواستی زۆری لەسەرە، حکوومەتی ھەرێم بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ئەمساڵی جووتیاران لەڕێگەی ھۆبەی چاودێری گومرکی کشتوکاڵییەوە چاودێری نرخەکان دەکات لە ھەمان کاتدا پشتگیری دەدات بەو جووتیارانەی کە بەرھەمەکانیان دەنێرن بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ ئەمەش وای کردووە بە بەردەوامی بەرھەمی کشتوکاڵی نێوخۆیی زیاتر و کواڵێتی باشتر بێت.
ھەرێمی کوردستان لەزۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن.
پارێزگای دھۆک بەناوبانگە بە ترێ و ساڵانە جووتیاران زیاتر لە ٢٠ ھەزار دۆنم ترێ دەچێنن، ھەندێک لە وان ناویان کەمالی، حلوانی، تایفی، ڕەش، زەرد و زەیتوونی، بەڵام بەناوبانگترین ترێی دھۆک ترێی ڕەشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، سەرەتا لەناو بازاڕدا کیلۆی بە دوو ھەزار و ٥٠٠ بۆ سێ ھەزار دینارە.
جووتیاران، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم زۆر یارمەتی ئێمەی داوە، ئەوەی پێویستە بۆ ئێمە کراوە، لەگەڵ ئەوەش داوا دەکەین ساردخانە و کارگەی زیاتر ھەبن، بۆ ئەوەی ترێ و بەرووبوومەکانی دیکە بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنەوە و خراپ نەبن، لەگەڵ ئەوەی زۆر بەرھەمی دیکە لێ دروست دەکرێن بۆ نموونە دۆشاو، مێوژ و چەند بەرھەمێکی دیکە.
جووتیاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ناردنە دەرەوەی بەرھەمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەمە، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ ئێمەی جووتیاران کە زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەین.
جووتیارانی سنووری دھۆک، بۆ “ھەولێر” دەڵێن، ڕێژەی بەرھەمھێنانی ترێ لە دھۆک زۆر باشە، ئەوەش ئێمەی جووتیارانی دڵخۆش کردووە، پاڵپشتی و ھاوکاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ ئێمەی جووتیاران، ترێ و بەرھەمەکانی دیکەی ئێمە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەتا لە وڵاتانی دیکەی جیھان بازاڕی بۆ پەیدا بووە و بەردەوام خواستی لەسەرە.
ساڵانە فیستیڤاڵی گەورەی ترێ لە دھۆک دەکرێت، بەگوتەی شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە گرنگن، وا دەکات کە جووتیاران بەرھەمی خۆیان نمایش بکەن و لە دەرەوە کڕیاری ھەبێت و ھەناردە بکرێت. جیھاد کامەران، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورەی کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون و وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە، چەندین وڵات ئەو بەرھەمانەی ھەرێمیان بۆ ڕەوانە کراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٣٩ ھەزار دۆنم زەوی بە داری ترێ داچێنراوە، ساڵ بە ساڵیش بەرھەمی ترێ زیاتر دەبێت. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق یەکەمە بۆ بەرھەمھێنانی بەرووبوومی ترێ، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکەین ٦٠ ھەزار تۆن ھەبێت، وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئەو جووتیارانەی ترێیان ھەیە ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێم دوو ھەنگاوی زۆر گرنگی نا، یەکەم، قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ترێ، لە ١/٧ تا ١٥/ ١١ بە ھیچ شێوەیەک ترێ لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت، پاڵپشتی دووەم، ئەوەی کە زۆر گرنگە کەرتی تایبەت لەڕێگەی وەبەرھێنەران لەڕێگەی دەستەی وەبەرھێنان دوو کارگە دەخەنە کار و ترێی جووتیاران وەردەگرن، ھەروەھا ئەو ساردخانانەی کە ھەنە ئەوانیشمان خستوونەتە خزمەت کەرتی تایبەت تاکو ببنە سەنتەری وەرگرتن بۆ بەروبوومی جووتیاران، ئەوەش ھەموو لە بەرژەوەندی جووتیاراندایە، بەتایبەتی ئەو جووتیارانەی ترێیەکی زۆریان ھەیە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، ئاشکراشی کرد: لە سنووری پارێزگای دھۆک زۆر بەرھەم ھەن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن و ھەناردەی دەرەوە دەکرێن، یەک لە پلانی سەرەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیریکردنە لە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەو مەبەستە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە، بەرووبوومی جووتیاران ھەناردە دەکات، بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە بۆ ھەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران، ئەوەش ھۆکار بووە بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ ژمارەی جووتیاران زیاتر ببێت.

