رۆژنامەی ھەولێر

بە نیشانکردنى حەرەمى گوند و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە زەوی و زار ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.7.22، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى و بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە گوندەکان و فراوانکردن و ئاوەدانکردنەوەیان و نەهێشتنی گیروگرفتەکانى زەوى و زار و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی، بە سەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوانى تایبەت بە نیشانکردنى حەرەمى گوند و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکى گشتیى و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە زەوی و زار ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەرێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و جێگران و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان و سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرانى گشتیى شارەوانییەکان و کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرانى نەخشەدانانی ئاوەدانی و سەرۆکى شارەوانییەکان و لایەنى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەیى بوون، وەزیرى ناوخۆ، باسى لە بارو دۆخی گشتیی ئێستا و گفتوگۆى نێوان حکومەتى بەغدا و هەرێم و ڕەوشى فەرمانبەران و مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان کرد و جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە، کە بەداخەوە، کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر بژێوی و بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی.

پاشان تیشکى خستەسەر ئەو پیلانانەى کە لە دژى قەوارەى هەرێمى کوردستان گیرابوونەبەر، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، یاخود لاواز بكرێت، بەڵام نەتوانرا ئیرادەى خەڵکى هەرێمى کوردستان لاواز بکرێت، هەرێمى کوردستان لە پێشکەوتنەکانى نەوەستاوە و بەردەوام بووە لە گەیاندنى پڕۆژە و خزمەتکردنى هاوڵاتییانى، گوتیشى، ئەم هەرێمە بەرى ڕەنج و تێکۆشان و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، بەرهەمی خەباتی خەڵكی کوردستانە و هەمووان بەشدارن لە دروستكردنی ئەم ئەزموونە.

دواتر سەبارەت بە ڕێگەگرتنى لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکى گشتیى، ئاشکراى کرد، لەگەڵ ئەوەى لەو ماوەیەدا هەستدەکرێت زیدەڕۆیی بۆ سەر موڵکى گشتیى کەمبۆتەوە، بەڵام دەبێت بەرپرسانى یەکە کارگێڕى و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم دام و دەزگاکانى ترى حکومەت بە توندى بەردەوامبن لە ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیى و هەرسەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و ئیجرائاتیش لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانەش بکرێت کە لەسەرحسێبى خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بازرگانى بە موڵکى حکومەت و گشتیى دەکەن، گوتیشى، ڕێگەپێدان بە زێدەڕۆیی پێچەوانەى یاسا و بڕیارەکانى حکومەتە و نابێت بەهیچ شێوەیەک چاووپۆشى لێبکرێت.

سەبارەت بە پرسى حەرەمى گوند و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى، وەزیرى ناوخۆ جەختى لەوە کردەوە کە دەبێت لە زوترین کاتدا میکانیزمى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە و پۆلێنکردن و نیشانکردنى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت و رێ و شوێنى پێویست بگیرێتەبەر.

پاشان پارێزگارى هەولێر، پوختەیەکى لە سەر ئەوکار و پڕۆژە و گرنگ و ستراتیژیانە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە سەردەمى کابیەنەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى “ڕێزدار مەسرور بارزانى” خستەڕوو، کە سەرەڕاى هەموو ئەو قەیران و لە مپەرانەى حکومەتى بەغدا بۆ هەرێمى کوردستان دروستى کردوون ئەنجامدراون، هەروەها دەستخۆشى لە بەرپرسانى یەکە کارگێڕى و شارەوانییەکان و فەرمانگەکانى دیکەى کرد بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکەکانیان و سوپاسى سەرجەم فەرمانبەرانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە سەرەڕایى دۆخى سەختى دارایی و نەبوونى مووچە، بەڵام دڵسۆزانە لە فەرمانگە و دام ودەزگاکانیان بەردەوام بوونە لە ڕاپەراندنی ئەرکەکانیان و خزمەتکردنى هاوڵاتییان.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنى مامەڵەکانیان، پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لەوەکردەوە کە کارى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومەت، خزمەتکردنى هاوڵاتییانە بەیەکسانى، بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێیان سپێردراوە هەرچی لە توانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى ڕۆتین لە بەڕێوەبەرایەتیەکان و بەهیچ شێوەیەک نابێت هاوڵاتییان گللەیى لەوە بکەن کە ڕوتین هەیە لە فەرمانگە و دام و دەزگاکان و لە بەردەم کارەکانیان.

پاشان دواى ئەوەى لەلایەن بەریوەبەرایەتیەکانى گشتیى شارەوانییەکان و کشتوکاڵ و سەرۆکایەتى شارەوانى و نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرانى ترى دام و دەزگاکان، گفتوگۆ لە بارەى ماستەرپلانى شارى هەولێر و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان و ڕێکارەکانى تایبەت بە پرسى نیشانکردنى حەرەمى گوند و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکى گشتیى و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە زەوی و زار کرا و ڕا و سەرنج و تێبینى و ئالیەتى چارەسەرکردنى گونجاو خرایەڕوو، کۆبوونەوە بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانى ناوخۆ، وەزارەتى شارەوانى و پارێزگاى هەولێر، پێکبهێنرێت و لە ماوەی یەک هەفتەدا، ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.