دوای ئەوەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەستی پێکرد، چەندینجار پێشنیارەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێواز گرنکی پێ بدرێت گۆڕانی بەسەردا هات و لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای دێرینی هەولێر بەرەو تەواوبوون دەچێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی سەردانکەر و گەشتیاران دەکرێتەوە.
بە پێی لێدواتی، فەلاح حەسەن، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە وەکالەت، سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، سیستەمی ڕووناکی خانووەکانی دەرەوە، حەمام و مزگەوتی مێژوویی قەڵای هەولێر تەواو بوون”.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ ڕێڕەوی سەرەکیی قەڵا، کە دەکەوێتە بەرامبەر بازاڕی قەیسەری، لە قیرەوە دەگۆڕدرێت و بە بەردی تایبەت دادەپۆشرێت، هاوشێوەی شەقامەکانی ناوەوەی قەڵا. هەروەها دەرگای پشتەوەی قەڵا کە ناسراوە بە ‘دەرگای دادگەی کۆن’، خاڵی پشکنینی بۆ نوێ دەکرێتەوە و دەرگای کارەبایی بۆ دادەنرێت”.
دەشڵێت؛ کارمان لەسەر خاڵی سەلامەتی کردووە و دەرگا و پەنجەرەی نوێ بۆ کۆڵان و خانووەکانی قەڵا دروست کراون، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەو گەشتیار و سەردانیکەرانەیە کە ڕوو لە قەڵا دەکەن”
ئەوەشب خستووەتەڕوو؛ هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کارکردن لەسەر ئامادەکردنی قەڵا بۆ کردنەوەی بە ڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا، تاوەکوو چێژ لە دیمەن و خزمەتگوزارییە نوێیەکانی قەڵای دێرینی هەولێر وەربگرن. هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکیشدا رێژەی سەوزایی بۆ ناوەوەی قەلا زیاد دەکرێت و مۆزەخانەیەکی بچووکی تایبەت بەو کەلوپەل و پارچە شوێنەوارییانەی لە قەڵادا دۆزراونەتەوە، دەکەینەوە”.
نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە و کارەکانی بەرەو کۆتایی دەچێت و وا چاوەڕوان دەکرێت بە تەواو بوونی پرۆژەکە، قەڵاکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی ناوچەکە.

