رۆژنامەی ھەولێر

د. سالار عوسمان پێشوازی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و هزریی داستانی خواکوڕک دەکات

 

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ـی ٧ـی ٢٠٢٥ – د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و هەڤاڵانی بەش، پێشوازیی کرد لە بەرپرس و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی ڕۆشنبیریی و هزریی داستانی خواکوڕک کە ناوەندی سەرەکیی کارکردنیان قەزای سیدەکانە.

لە دیدارەکەدا، د.سالار عوسمان، باسی لە گرنگیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کرد، کە دەتوانن ڕۆڵی زۆر باش لە خزمەتکردنی بواری ڕۆشنبیریی و کەلتوور و پاراستنی مێژووی پڕ سەروەری گەلی کوردستاندا ببینن. هەروەها، هەوڵ و کارەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و هزریی داستانی خواکوڕکی بەرز نرخاند و، پشتیوانیی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ـی بۆ بەرنامە و کارەکانی داهاتووی ناوەندەکە دووپاتکردەوە.

ناوەندی ڕۆشنبیریی و هزریی داستانی خواکوڕک، لە ساڵی (٢٠٢٣)، دامەزراوە، ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیری سنوورەکە سەرپەرشتی دەکەن، پڕۆژە و بەرنامەی کاریان، گرنگیدانە بە مێژووی پڕ شانازیی گەلی کوردستان لەنێویاندا (داستانی خواکوڕک).

قەزای سیدەکان سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە باکووری پارێزگای هەولێر، یەکێکە لە سنورە ستراتیژییەکانی کوردستان و ڕێڕەوێکی گرنگی بارزگانییە، لە شۆڕش و خەبات و قوربانیدا هەردەم ئەم ناوچەیە پشکی شێری بەرکەوتووە.