رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە)، سەردانى هەولێر دەکات

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.7.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، دواى ئەوەى هەردوولا پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەی پەیوەستیان تاوتوێ کرد، تیشک خرایە سەر سەردانى بەرێز ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) کە بڕیارە لە سەرەتایی هەفتەى داهاتوو بە یاوەرى شاندێکى باڵاى ئابوورى و بازرگانى شارەکەى، بە ئامانجی پەرەپێدانی زیاترى پەیوەندیییەکانى نێوان پارێزگاکەى و هەولێرى پایتەخت و پتەوکردنى ڕێککەوتننامەى نێوانیان لە بوارى ئابوورى و بازرگانى پیشەسازیی، سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بکات. لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، خۆشحاڵى خۆى بەسەردانیکردنى بەڕێزیان نیشاندا.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کرا، کە بڕیارە لە سەرەتایی مانگى داهاتوو لە ڕیگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە دەست پێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ ئامادەکارییەکان کرد، پارێزگارى هەولێر، دووبارە دڵنیایی کردنەوە بە فەرمانى سه‌رۆك بارزانی، هەریەک لە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاسپێردراون، بە ئه‌زموون وەرگرتن لە ساڵانى ڕابردوو، وەک پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیی و خزمه‌تكردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران تاکو دواخاڵی پارێزگاى هەولێر کە بازگەی شێراوەیە بۆ ئەمساڵ باشتر لە ساڵانى ڕابردوو و بە باشترین شێواز لە پێشوازیان دابین و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەین.

لە کۆتاییدا، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سوپاس و ستایشى خۆى و وڵاتەکەى بۆ سەرۆک بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى دووپاتکردەوە لە بەرامبە میوانداریی و بەخشندەییان لە پێشوازیکردنی ساڵانەى زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشدارییان لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە.