ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
مامۆستایەكی زانكۆی سەلاحەدین لە ئەمریكا بەشداری لە پرۆگرامێكی نێودەوڵەتیدا كرد.
سیروان ئەحمەد مامۆستا لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین بەشداری لە پرۆگرامی سەركردایەتی سەردانیكەرانی نێودەوڵەتی International Visitors Leadership Program (IVLP) كرد.
ئەم پرۆگرامە بە بەشداری نوێنەرانی پازدە وڵاتی جیاواز لە ژێر چەتری پرۆگرامی “ پێشخستنی گەشەسەندنی ئابووری: پێشەنگكاری و گەشەسەندنی بزنسی بچووكAdvancing Economic Prosperity: Entrepreneurship and Small Businesses Development “ لە وڵاتی ئەمریكا بەڕێوە چوو.
سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین بە (هەولێر)ـی گوت: بەشداربووانی ئەم پرۆگرامە لە لایەن كونسوڵخانە و سەفارەتی ئەمریكا لە وڵاتی خۆیان هەڵدەبژێردرێن و مامۆستای ناوبراو ئەندامی سەنتەری پەروەردەی پێشەنگكارییە و وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان و عێراق لەم پرۆگرامەدا بەشدارە.
لە میانەی ئەم سەردانەدا بەشداربووان چوونە سەردانی چەندین ڕێكخراوی حكومی و ناحكومی و بزنسی بچووك و پسپۆڕانی تایبەت بە پێشەنگكاری لە ئەمریكا، بۆ ئاشنابوون بە ستراتیژیەت و شێوازی كاركردن و هاندان و پاڵپشتیكردنی بزنسی بچووك و پێشەنگكاری و پێشەنگكاران لەو وڵاتەدا.

