ڕائیب جادر – هەولێر
یاساناس و شارەزایانی بواری دەستوور، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق ھیچ ڕەھەندێکی یاسای و دەستووری لە پشتەوە نییە، تەنیا مەرام کە ھەیان بێت نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە کە بە خوێنی ھەزاران شەھید دروست بووە، ئەم پیلانەش بە یەکگرتوویی حزبە کوردستانییەکان جێبەجێ ناکرێت.
دەستووری عێراق لە ١٤٤ ماددە پێکھاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ گشتپرسی لەسەر کرا و پەسەندکرا، چەندین جار لە پەرلەمان لیژنەی ھەموارکردنی بۆ پێکھێنراوە، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکان شکستیان ھێناوە. ھەرچەندە ئەرک و مافەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا بەڕوونی دیاریکراون، بەڵام وەک بەرپرسانی کورد، دەڵێن، بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێلکردووە و وەکو ھەرێمێکی دەستووری دانپێنراو مامەڵە لەگەڵ کوردستان ناکەن، ئەوەش بە ھۆکاری بەردەوامی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ناو دەبەن.
دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و نووسینەوەی دەستوور لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەستووردا، لە ماددەی یەکەم ھاتووە عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی سەربەخۆییە، ھەروەھا لە دەروازەی پێنجەمی دەستووری ھەمیشەیی لە ماددەی ١١٦ لە دەستەڵاتی ھەرێمەکان دووبارە ئاماژە بە فیدراڵیەتی عێراق کراوە و تێیدا ھاتووە “سیستەمی فیدراڵی لە کۆماری عێراق پێکدێت لە پایتەخت و ھەرێمەکان و پارێزگا و کارگێڕییە خۆجێیەکان” لە ماددەی ١١٧ بڕگەی یەکەم ھاتووە ئەم دەستوورە لە کاتی کارپێکردنیدا دان دەنێ بە ھەرێمی کوردستان و دەستەڵاتە بەرپاکانی وەک ھەرێمێکی فیدراڵی.
ھەموو ئەو بەھانانەی حکوومەتی عێراق دروستی دەکات بۆ حکوومەت و خەڵکی کوردستان بێ بنەمان، ئامانجیان دەستبەردارکردنی کوردە لە مافە نەتەوەییەکان، لە ڕابردوو ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ھەموو ڕێگاکانی سڕینەوەی کوردیان تاقی کردووتەوە، بەڵام کورد ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر بووە، لە ئێستاشدا سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات، دەسەڵاتدارانی بەغدا یاسا و دەستووریان کردووەتە لاستیکی دەستیان و بە عەقلی تایفەگەری وڵات بەڕێوەدەبەن، چاویان خستووەتە سەر پێشکەوتنەکانی کوردستان بۆ ڕێگری کردن لەم پێشکەوتنە ھەموو ڕێگەیەک بۆ لاوازکردنی تاقی دەکەنەوە.
نەبوونی نیازپاکی حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ئەوان تەنیا ئامانجیان برسیکردنی ئەوان نییە، بەڵکو نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە. فواد حوسێن، یاساناس و شارەزای بواری دەستوور، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە عێراق نەتوانراوە وڵاتێک دروست بکرێت کە وڵاتی ھاووڵاتی بێت، دەوڵەتی دەستوور و موئەسسە بێت، ئەوەی پەیوەندی بە کوردستانەوە ھەیە، عێراق پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکات، تا ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر کورد خودی حکوومەتی عێراقە.
ئەو یاساناسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ھەرێمی کوردستان ھێشتا بەو مافانەی خۆی نەگەیشتووە کە لە دەستووری عێراق باسیان لێوە کراوە و دیاری کراون، کە بەپێی دەستوور ھەرێمی کوردستان زۆر مافی بەسەر عێراقەوە ھەیە، بەڵام دەستوور جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش پێشێلکاریی دەستوورە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو حکوومەت و دەستەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ھیچ کات و تا ئێستاش پابەندی دەستوور نەبوونە، ھەر ھەموویان دژی کورد بوونە و دەستووریان جێبەجێ نەکردووە، نەیانتوانی ببنە مایەی سەقامگیری یاسایی لە نێوان ھەرێم و بەغدا.
کازم حامد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو عێراق خەڵکی ھەرێمی کوردستانی ئەنفال و کیمیاباران کردووە، گوندەکانی سووتاندووە، خۆ ئەو کاتیش مووچە نەبوو، ئەگەر ھەرێمی کوردستان ھەموو شتێک ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوان دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەوەستنەوە، بۆیە ئەگەر دەوڵەتی عێراق لە ڕابردوو لەڕێگەی تانک و تۆپەوە ویستبێت قەوارەی ھەرێمی کوردستان بسڕێتەوە، ئەمڕۆ لەڕێگەی فۆرمێکی نوێ لەڕێگەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان ھەمان ئامانج دووبارە دەکاتەوە، ھەر ڕۆژە و بەھانەیەک دێنێتەوە و داوای شتێک لە ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش بەس بۆ ئەوەیە قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت، یان بێ دەستەڵات بکات، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو قەوارەیە بە خوێنی شەھیدان دروست بووە، ئەوەی گرنگە یەکدەنگی و یەکگرتووی لایەنە کوردستانییەکانە کە ئێستا لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستمان پێ ھەیە، بۆ ئەوەی بەرگری لە قەوارەی کوردستان بکەن و ئەو دەستکەوتانەی کە بە دەست ھاتوونە بپارێزن و دەستکەوتی زیاتریش بەدەستبھێنن.
یاساناس شەھاب عەزیز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ڕاستە دۆخی ئابووری مووچەخۆران خراپە، بەڵام خراپبوونی دۆخی ئابووری مانای ئەوە نییە مافەکانی گەلەکەمان بخرێتە ژێر ھەڕەشە و مەترسی گەورە، ئەوانەی بە بەھانەی خراپی دۆخی ئابووری دەیانەوێت قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت گەر بەڕاستی لە خەمی خەڵک و مافەکانیان دان با شەڕی گەڕاندنەوەی مافی مووچەخۆران لە بەغدا بکەن، بە یاسا ڕێگری بکەن لەوانەی بە ناوی گەلی کوردستانەوە لێدوان دژی خاک و مافەکانی گەلی کوردستان دەدەن، قەوارەی ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە و دان پێدانانی نێودەوڵەتی ھەیە و بە ھیچ کەس و گرووپێک لە بەریەک ھەڵناوەشێتەوە.
ئەوەشی گوت: ئەوەی بەغدا دەیکات گوشارکردنە لەسەر حکوومەتی ھەرێم، دەزانێت پارە کە سەرچاوەی ژیان و قووتی خەڵکە لەژێر دەستەڵاتی خۆیەتی، دەیەوێ گوشارەکانی بەرامبەر کوردستان زیاتر بکات و لەو ڕێگەیەوە حکوومەتی ھەرێم ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی دوو دەیە بەدەستی ھێناوە و خەبات و خوێنی بۆ داوە لەناوی ببات، ئەگەرنا یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێکردن و ھیچ گرفتێک نییە بۆ پارێزگاکانی عێراق وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نانێرێت یان پشکی کورد ڕەوانە ناکات، تا فەرمانبەر نەگاتە ئەو حاڵەتەی گوشاری بۆ بێت.

