رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی بە دۆلاری ساختەوە دەستگیر کرد

ئەمڕۆ شەممە 19/7/2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە: “بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (س، ب، ڕ)مان دەستگیر کرد، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی فرۆشتنی دۆلاری دەکرد بە کەمتر لە نرخی بنەڕەتی خۆی، ئەم جۆرە دۆلارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسراوە بە (دۆلاری بلۆکراوی لیبی)، کە ئەم دراوە لە بنەڕەتدا بوونی نییە و دوورە لەڕاستیەوە، بەڵکوو چەند کەسانێک بەهەمان شێوەی تۆمەتباری ناو هاتوو، بانگەشەی فرۆشتنی ئەو جۆرە دۆلارە دەکەن، کە دۆلارەکان کۆپی کراون و ساختەن، یاخود لە جێگای دراوی دۆلار دراوی (250 دیناری عێراقی) دادەنرێت.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “پێشووتریش چەند جارێکی تر هۆشداریمان داوە لەسەر ئەم بابەتە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵە و کەسانە، تاوەکوو پارە و سامانیان پارێزراوبێت.”