ڕائیب جادر – هەولێر
ڕووی ڕاستەقینەی بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی دەرکەوت، کە ھەموو ئامانجی ئەوەیە لە بەرامبەر دانی مووچەی فەرمانبەران ھەرێمی کوردستان لاواز بکات، تاکە ڕێگە لە بەردەم لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەدەستخستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا ئەوەیە یەکڕیز بن، ئەو یەکڕیزیەش بەوە دروست دەبێت کە نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەن و ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن. چاودێران و مامۆستایانی زانکۆ، دەڵێن، قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، پارتییش ھەستی بەو مەترسییە کردووە، بۆیە داوای یەکڕیزی دەکات، گەڕانەوە بۆ یەکڕیزی دەستکەوتەکان گرێنتی دەکات.
بەشێک لە بەرپرسانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دووپات لە یەکدەنگی و ھاوھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەنەوە لەپێناو سنووردانان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەنگاو دەنێت بۆ یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، تابتوانێت بە یەکدەنگ داوای مافە دەستوورییەکان لە بەغدا بکەن و ھەمووان پێکەوە کاری جیددی بۆ پاراستنی و بەدەستھێنانی ماف و شایستەکانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان بکەن.
پارتی ھەوڵدەدات ھەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، چونکە پێیوایە بەو شێوەیە دەتوانن ھاوپەیمانیەتێکی بەھێز دروست بکەن و بەرامبەر بە ھەموو ئەو تەحەدیاتانە بوەستنەوە کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە. د. رەحیم محەممەد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرۆک بارزانی لەگەڵ یەکڕیزی لایەنەکانە، بۆ ئەوەش زۆر ھەوڵی داوە و پێش سێ ڕۆژ لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوویەوە و داوای کرد بۆ ھێشتنەوەی قەوارەی کوردستان پێویستە لایەنەکان یەکڕیز و یەکدەنگ بن، بۆیە ئەرکی سەرشانی ھەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستانە، ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن، چونکە ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتوو نەبێت، ئەوەی بە دەستھێناوە ئەویش لە دەستدەدات، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بن دەتوانن دەستکەوتەکان بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست بھێنن.
ئەو چاودێرە، ئاشکراشی کرد: ڕاستە لە عێراق حکوومەتەکان گۆڕاون، بەڵام عەقڵ و سیاسەتەکە ھیچ نەگۆڕاوە و وەک خۆیان ماونەتەوە و شۆفێنیانە مامەڵە لەگەڵ کورد و کوردستان دەکەن، ئێستا لە مانگی تەمووزین و ھێشتا بەغدا ئامادە نییە مووچەی مانگەکانی ٥، ٦ و ٧ فەرمانبەرانی ھەرێمی نەناردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی عێراق پێڕەوی دەکەن، زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو دروشمەی کە حکوومەتی عێراق باسی دەکات و لە گفتوگۆ و دانیشتنەکان دووپاتی لەسەر دەکاتەوە و پێداگری لەسەر دەکات، حکوومەتی ھەرێم ھەموو شتێکی شەفافە، ئێستاش نیگەرانە لەو دۆخە، بەغدا مامەڵەی خراپ دەکات و دەستی دەستی دەکات، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات پێڕەوکردنی سیاسەتێکی خراپە بەرامبەر بە ھەرێم.
حامد شەریق، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر”ڕوونیکردەوە، یەکڕیزی لایەنەکان، مەرجی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانە بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتنە بە مافە ڕەواکانی خۆی، لە ھەموو قۆناغەکانیش دەستکەوتەکان بە یەکگرتن بە دەست ھاتوون، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە و دۆخی ئێستا باشترین کار لایەنەکان بکەن یەکگرتوویی و یەکھەڵوێستییە، چونکە بە یەکگرتووی بەرامبەر بەغدا زۆر بەھێزتر دەبین و دەستکەوتی باشترمان دەبێت، خەڵکی کوردستانیش ھەر ئەوە لە لایەنەکان داوا دەکات، پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە یەکھەڵوێست بن، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە، دڵنیاشم دەستکەوت و ئەنجامی باشی دەبێت، چونکە تەنیا بە یەکگرتن دەتوانن مافە یاسایی و دەستوورییەکان لە عێراق بەدەستبێنن.
کەمال کەریم، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دەبێت لایەنە کوردستانییەکان ھەوڵی یەکڕیزی نێوماڵی کورد بدەن و کار بکەن بۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی لە دەستووری عێراقدا ھاتووە مافی گەلی کوردە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو عەقڵیەتە شۆفێنیەی تا ئێستا بە نەفەسی پێشوو دژی کورد کار دەکات دەبێ گۆرانکاری بەسەر بیر و ھزریان بێت و بگەنە ئەو ڕاستییەی گەلی کورد زوڵمی لێ کراوە و مافی خۆیەتی قەوارەی سیاسی خۆی ھەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کە سەرەتاترین مافە ڕەوانە بکەن.
کەریم، ئاماژەی بەوەشکرد: زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان پێشێلکراون، بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەندامانی کورد دەبێت کارکردن بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە ئەمانە مافی خەڵکی کوردستانن و پێویستە کاری بۆ بکەن، نەک دژی یەکدی بوەستنەوە و کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا بگوازنەوە، چونکە ئەگەر کورد لە بەغدا یەک نەبوو ئەوەی بە دەستیھێناوە ئەویش لە دەست دەدات.
د. زانا خەلیل، شارەزای سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: عێراق لەسەر بنەمای تەوافق، تەوازن و شەڕاکەت دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو ھەر سێ بنەمایە لە عێراق نەماون، لایەنە عێراقییەکان پێگری بەو بنەمایانە ناکەن، پارتی وەکو لایەنێکی سیاسی خەمی یەکڕیزی و بەدەستھێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە بەغدا داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان پشتگوێ خستووە، جگە لە یەکھەڵوێستی کورد ھیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە، ئەگەر ئەوەش نەکرێت و لایەنەکان یەکھەڵوێست نەبن و یەکڕیزی خۆیان نەپارێزن، ستەم لە خەڵکی کوردستان دەکەن.
ئەو شارەزایەی سیاسی، گوتیشی: ھیچ کاتێک وەکو ئەمڕۆ کورد پەرتەوازە نەبووە، دەبێت ھەرچی زووە ئەو پەرتەوازەیە نەمێنێت و نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەنەوە، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی ھەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە پێیانوایە لایەنەکان لەژێر فەرمایشتەکانی سەرۆک بارزانی دەتوانن داخوازییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەن و مافەکانی ئەوان بەدەست بھێنن.
کامەران ھاشم، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەو عەقلیەتەی ئێستا لە عێراق حوکمڕانی دەکات، باوەڕی بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کوردستان نییە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵیەتە، پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد ھەیە، سەرکەوتنی کوردستان بەسەر سەرجەم قەیرانەکان و بەھێزبوونی پێگەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەکی دیکەوە شەڕی داعش و ھاتنی ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوارەکان بۆ ھەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەھێزی پێگەی سەرۆک بارزانی.

