رۆژنامەی ھەولێر

ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەندی ناوداری بواری شانۆ و درامای کوردی و شاری هەولێر ( شوکڕەڵڵا شێخانی ) کرا

ئێوارەى ئەمرۆ چوارشەممە 2025.7.16، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی _ مەڵبەندی گشتيی هەولێر، مەڕاسیمێکی ڕێزلێنانى بۆ هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و ئەکتەری ناوداری بواری شانۆ و درامای کوردی و شارى هەولێر ” شوکڕەڵڵا شێخانی” ڕێکخست.
لەمەراسیمەکەدا، کە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی قوتابخانەکان بەڕێوەچوو و تێیدا فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە هونەرمەند و هونەردۆست و نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و هاوڕێ و هەڤاڵانى ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندی لە پێشخستنى هونەرى شانۆ و درامای کوردی بەرز نرخاند و ستایشی نیوسەدە خزمەتکردنی کارە هونەرییەکانی کرد و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروست باشى بۆ خواست.
هەروەها دەستخۆشی لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی _ مەڵبەندی گشتيی هەولێر کرد، بۆ ڕێکخستنی مەراسیمەکە و پاڵپشتی و هاریکاری پارێزگای هەولێری بۆ دووپاتکردنەوە. پاشان، پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنانی پێشکەش بە هونەرمەند کرد.
جێگەى باسە، ” شوکڕەڵڵا شێخانی” هونەرمەندێکی ناودار و خاوەن ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردیە، لە ساڵی 1956 لە شاری هەولێر لە دایک بووە، لە ساڵى 1972وە دەستى بە کارى هونەرى نواندن کردووە و تاکو ئێستا بەردەوامە و لە دەیان کاری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنیدا وەک ئەکتەرێکی بە توانا ڕۆڵی دیار و بەرچاووی بینیوە و خزمەتێکى زۆرى پێشکەش بە هونەر کردووە.